بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هێزەکانى نزیک لەتاران، پەنجەى پاشگەزبوونەوە دەگەزن

هێزەکانى نزیک لەتاران، پەنجەى پاشگەزبوونەوە دەگەزن
AvaToday caption
posted onApril 16, 2022
noبۆچوون

ئەو گەشبینیەى چوارچێوەى هەماهەنگی بەرامبەر ئەو پێشنیارەى هەیبوو کە لەلایەن رێبەرى ڕەوتى سەدر خرایە بەردەمی بۆ دەستپێکردن بەپێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق، بەرەو ڕەشبینی گواسترایەوەو، لەبری ئەودا بێئومێدی باڵى بەسەر ئەو گرووپە سیاسییەى نزیک لەکۆمارى ئیسلامی ئێراندا کێشاوەو، گەیشتنە ئەو باوەڕەى موقتەدا سەدر، گولێکى سیاسیی لێکردوون، بەبێ ئەوەى درک بەو پرسە بکەن.

 

چوارچێوەى هەماهەنگی، کەزۆرینەى هێزە سیاسییە شیعەکانى بەغدا لەخۆ گرتووەو، بەشێکى زۆریانیش لەمیلیشیاکان و، لایەنگرانى رژێمى ئێرانن، پاش تێپەربوونى ١٠ بەسەر دەستپێشخەرییەکەى سەدر، تێگەیشتن کە ئەوان گۆڕەپانەکەیان بەبێ یاریزان و بینەر وەرگرتووە.

رێبەرەکەى ڕەوتى سەدر، کەفراکسیۆنەکەى لەکۆى ٣٢٩ کورسی پەرلەمان ٧٣ کورسی بەدەستهێناوەو، بووەتە یەکەمى براوەى هەڵبژاردنەکانى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١، پێش مانگی ڕەزامەن، بەهۆى چەندین جار شکستهێنانى لەدەستنیشانکردنى سەرۆکی نوێی وڵات، بڕیاریدا کەیسى پێکهێنانى حکومەتى نوێ ڕادەستى نەیارانى بکات و، موڵەتى ٤٠ رۆژی پێشکەش کردن، کە لەیەکەم رۆژى ڕەمەزان تاوەکو ٩ شەوال بەردەوام دەبێت.

بەڵام ئێستا ئەو هێزەکانى نزیک لەتاران دووپاتیدەکەنەوە " ئەوان پابەندی وادەکەى سەدر نابن، بەڵکو بەردەوامن لەگفتوگۆ و دانووستاندنەکانیان تا ئەو کاتەى دەگەنە رێکەوتنێکى گشتى بۆ پێکهێنانى حکومەت و تێپەراندانى کاندیدی سەرۆککۆمار".

چونکە ئەوان هەست بەوە دەکەن پرۆسەکە ئاستەنگ و ئاڵۆزی زۆری لەپێشدایە.

چاودێران بۆچوونیان وایە هەنگاوەکەى سەدر، دوو ئامانجی سەرەکی لەپشت بووە، یەکەمیان؛ خۆ دەرباز کردنە لەو شەرمەزارییەى رووبەرووى دەبوویەوە لەشکستهێنان لەتێپەراندنى کاندیدی سەرۆککۆمار، کە لەسێجاردا نەیتوانى رێژەى پێویستی ئەنجومەنى نوێنەران کۆبکاتەوە کەبریتین لەدوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان.

خاڵى دووهەمیش؛ نیشاندانى لاوازی چوارچێوەى هەماهەنگییە لەپێکهێنانى حکومەت و، شەرمەزار کردنەوەى زیاترە بەرامبەر جەماوەر، چونکە سەدر نایەوێت بەتەنیا ئەو شەرمەزاریی و شکستیە لەئەستۆ بگرێت، یاخود کێشەش بۆ هاوپەیمانەکانى لەنێو فراکسیۆنى (رزگارکردنى وڵات) دروست بێت، کەبریتین لەپارتى دیموکراتى کوردستان و، فراکسیۆنى عەزم، بەسەرۆکایەتى مەحمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمان.

لەم قۆناغەدا هیچ شتێکى ئەوتۆ لەبەردەم لایەنگرانى ئێران نەماوە، چ لەنێو فراکسیۆنەکانی دیکەدا، یاخود رازی کردنی فراکسیۆنە نەیارەکەى، ئەوەی باس دەکرێت، تەنها کۆمەڵێک لێدوان و دەستپێشخەرییە کە لێرەو لەوێدا باس دەکرێن، بەڵام لەناوەرۆکدا ئەو پرسانە هیچ شتێکى نوێی تێدا نیە.

ئەوەى هەیە تەنها پێکهێنانى هێزێکى هاوبەشى شیعەکانە لەنێوان هەردوو گرووپی رکابەردا کە لەچوارچێوەى هەماهەنگی و ڕەوتى سەدردا چڕ بووەتەوە.

عەقیل عەباس، توێژەرى ئەکادیمی لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا دووپاتیدەکاتەوە " دەستپێشخەرییەکەى چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر لاوازەو، تێروانینى روونیان بۆ پرۆسەى سیاسیی نیە، تەنها مەبەستى ئەوەیە بەشداریی لەحکومەتى داهاتوو بکات و، نایەوێت بێبەش بێت".

هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە " ئەو هێزە باش دەزانێت دەرچوونى لەحکومەت کۆتاییان پێدێت و، هاوشێوەى ئیبراهیم جەعفەرییان بەسەردا دێت".

گووتیشى " ئەوەى لێرەو لەوێ رادەگەینرێت، پێچەوانەى ئەرزی واقیعە، چونکە نە لەگەڵ موڵەتەکەى سەدر دەگونجێت و، نەهیچ رێکەوتنێکیش کراوە".

لەبەرامبەریشدا ئەوەى لەقازانجی رێبەرى ڕەوتى سەدرە، چانسێکى زێرینە بەوەى بەجەماوەرەکەى بڵێت، " چوارچێوەى هەماهەنگییە رێگرە لەپێکهێنانى حکومەتى نوێ، نەوەک ئەوان".

پێشبینى ئەوەش دەکرێت لەکۆتاییدا تەنها سەدر براوەى ئەو پرۆسەیە بێت و، حکومەتێکى زۆرینە وەک خۆى مەبەستى لێی هەیە پێکبهێنێت و، زۆربەى نەیارە شیعەکانى دیکەى نزیک لەتاران لەگۆڕەپانەکە دووربخاتەوە".