بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

 وێرانکردنى میراتى فەرهەنگى سنە لە لایەنە کۆمارى ئیسلامییەوە

 وێرانکردنى میراتى فەرهەنگى سنە لە لایەنە کۆمارى ئیسلامییەوە
AvaToday caption
posted onJanuary 7, 2021
noبۆچوون

باڵەخانە ٢١٢ ساڵییەکەى خەسرەوئاواى سنە کە یەکێکە لە باڵەخانە کۆن و کەوناراکانى ئەردەڵانییەکان و بۆ سەردەمى قاجاڕییەکان دەگەڕێتەوە، خەریکە بەرەو وێرانە دەچێت و کۆمارى ئیسلامیش و بەرپرسە گەندەڵەکانى شارەکە لەبرى پێڕاگەیشتن بە شارەکە و خزمەتکردنى خەڵکى و پاراستانى سیمبولە کۆنەکان، خەریکى بڵاوکردنەوەى ترس و میلیتاریزەکردنى شارى سنەن.  

 

هەڵبەتە کۆمارى ئیسلامى لەو چوار دەیەى کە هاتووەتە سەر دەسەڵات، هەرگیز ئاسەوارە کۆنەکانى ئێرانى نەک هەر بۆ گرنگ نەبووە، بەڵکو هەوڵى لەنێوبردنیشى داوە تا ڕێگە نەدات ئەو کەلتوور و شارستانیەتە کۆنە درێژ بێتەوە و بەڵکو لە بەرامبەریدا کارى لەسەر دروستکردنى کەلتوورێکى ئیسلامى کردووە کە هیچ مۆرکێکى بە کورد و کوردستانەوە نەبووە و نییە. ئەمەش لە وێرانبوونى هەموو ئەو شوێنگە و ئاسەوارە کۆنانە دەبینینەوە کە لە کورستاندا هەن و هیچ ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوە و ئەگەریش کاریان لەسەر کرابێت لە لایەن خودى خەڵکى خەمخۆرەوە بووە نەوەک دەسەڵاتى زۆردرا و گەندەڵى ئاخوندەکان.

شارى سنە وەک یەکێک لە شارە کۆنەکانى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ئاسەوارى کەوناراى زۆرى لێیە کە نمونەشیان هەمان باڵەخانەى خەسرەوئاوایە کە شوێنى زەماوەندى تاقە کچەکەى فەتحعەلى شاى قاجار بووە، تەنیا لە ساڵى ١٣٧٣ى هەتاوى کەمێکى چاک و نۆژەن کراوەتەوە، ئەم لە کاتێکدایە هەر ئەم باڵەخانەیە بە هۆى گەشتیاربوونییەوە داهاتێکى زۆرى خستووەتە گیرفانى شارەوانى و بەرپرسانى ئەو شارەوە.

ئەم باڵەخانەیە تووشى تەڕەشووعێکى زۆر بووە و بە هۆى درز و کون و گیرانى ئاوەڕۆکانییەوە، ئاو چکە دەکاتە ناوى و شئەمەش بووەتە هۆى لەنێوچوونى بەشێکى زۆرى جوانیەکەى بەتایبەت لە ناوەوە. کۆمارى ئیسلامى چەندین ساڵە تەنیا ٢٠٠ ملیۆن تمەنى "هیچی" بۆ نۆژەنکردنەوە و جوان هێشتنەوەى ئەو باڵەخانەیە دیارى کردووە، بەڵام ئەوە چەندین ساڵە تەنیا ٣٠%ى ئەو بودجەیەى بۆ سەرف کراوە و ئەویترى چووەتە گیرفان بەرپرسە گەندەڵەکانى شارەکەوە.

عیمارەتى خەسرەوئاوا

ئەم باڵەخانەیە کە وەک لە سەرەوە ئاماژەى پێ درا، هۆکارێکى گەورە بووە بۆ جوانى شارى سنە و هاتنى گەشتیار، چونکە دەیان فێستیڤاڵ و چالاکى هونەرى و ئەدەبی تێدا بەڕێوە چووە هەر لە فێستیڤاڵەکانى مۆسیقا و دەفەوە بگرە تا مەراسیم و پێشانگا هونەرییەکانى وەک نیگارکێشى و پەیکەرتاشى کە نمونەشى کردنەوەى پێشانگاى مامۆستاى گەورەى کورد زیائەدینی بوو.
سەرۆکى کۆمسیۆنى سەرمایەگوزارى و کارئەفڕێن و گەشتیارى ئەنجوومەنى شارى سنە، بە تەسنیمى گوتووە کە ئەو دۆخەى کە ئەم باڵەخانەیە تێیدایە، نزیکەى ١٠ تا ١٢ ملیار تمەن پێویستە بۆ چاککردنەوەى، ئەمە لە کاتێکدایە تا تیرۆریستەکانى ناوچەکە و خەڵکى لوبنان و فەلەستین و سوریە و عێراق و یەمەن وەستابنەوە، کۆمارى ئیسلامى ئەم مەبلەغە بۆ باڵەخانەیەک ئەویش لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان تەرخان ناکات.

خەڵکى کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان تێگەیشتوون کە نەک هەر ماڵ و سامان و میراتە فەرهەنگی و مێژووییەکانیان لە ژێر سایەى دیکتاتۆریەتى ئاخوندى پارێزراو نییە، بەڵکو گیانیشیان لە ژێر گەورەترین هەڕەشەى سوپاى پاسدارانى تیرۆریست و ئیتلاعاتدایە کە هەر ڕۆژەى چەندین لاو بۆ لێپرسینەوە و کپکردنتەوە و تۆمەتپێدابەخشینەوە زیندانى دەکەن و ڕێگە نادەن بە هیچ جۆرە چالاکییەکى نیشتمانپەروەرانە کە ئەگەر لە خزمەت دەوڵەتە ئیسلامییەکەى خۆین نەبێت.