مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "جیهان چیتر ناتوانێت لە ئازارچەشتن بەهۆی سیاسەتەکانی ئێرانەوە بەردەوام بێ". واڵتز جەختی کردەوە: "دەبێ ئێران پابەندی بەڵێنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بێ."
باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، دەبێ وڵاتان لێپرسینەوە لەگەڵ رژێمی ئێراندا بکەن. هەروەها لەبارەی گەلی ئێرانەوە گوتی: "پێویستە بڵێم دەرفەتێکی راستەقینە و ئەرێنی لە بەرژەوەندیی نەتەوە و گەلی ئێران لەسەر مێزە، بەڵام دەبێ تاران بزانێت ئارامی سەرۆک ترەمپ سنووردارە."
ئەم لێدوانانەی واڵتز لەکاتێکدان، گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تاران زیادیکردووە و ئەمریکا داوا دەکات ئێران بگەڕێتەوە بۆ پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی و کۆتایی بە بارگرژییەکانی ناوچەکە بهێنێت.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ جەخت لەسەر گەڕانەوەی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. پێشتر ترەمپ چەندین جار هۆشداریی دابووە تاران ئەگەر پابەندی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان نەبێت و دەست لە چالاکییە سەربازییەکانی ناوچەکە هەڵنەگرێت، رووبەڕووی سزای ئابووریی تووندتر دەستپیکردنەوەیی هێرشەکان دەبێتەوە.