Ana içeriğe atla

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: دەبێت دانوستان لەگەڵ ئێران پرسی مووشەکی و سەرکوتی خۆپێشاندەرانیش بگرێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: دەبێت دانوستان لەگەڵ ئێران پرسی مووشەکی و سەرکوتی خۆپێشاندەرانیش بگرێتەوە
posted onFebruary 6, 2026
noyorum

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا ئەنجامێکی "واتاداری" هەبێت، پێویستە جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی، پرسی مووشەکە بالیستیکەکان و شێوازی مامەڵەی تاران لەگەڵ خۆپێشاندەران لەخۆبگرێت.

ڕۆژی چوارشەممە مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی: "بۆ ئەوەی دانوستانەکان بگەینە ئەنجامێکی مانادار، دەبێت باس لە مووشەکە بالیستیکەکانی ئێران، پشتگیریکردنی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، بەرنامەی ئەتۆمی و هەروەها شێوازی مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ خەڵکی ئێران بکرێت."

ئەم گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران لەقەڵەم دەدرێت، کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژانی سەرەتای دەسپێکردنی ناڕەزایەتییەکاندا، هۆشداریی توندی لەو بارەیەوە دابووە تاران.

ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ هەر وڵاتێک و گوتی: "ئێمە دانوستانەکان (لەگەڵ ئێران) وەک ئیمتیازدان نابینین. ئەگەر دەرفەتێک بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران هەبێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەوە ئامادەیە."

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند کە سەرۆک ترەمپ هەموو "بژارەکانی داهاتووی بە کراوەیی هێشتووەتەوە."