Skip to main content

سوپای پاسداران هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئینتەرنێت دەدا

سوپای پاسداران هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئینتەرنێت دەدا
دەیانهەوێت کۆنتڕۆڵى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دەست دەوڵەت دەردێنن و دەیدەنە دەست سوپا
posted onNovember 7, 2018
nocomment

 

بناژۆخوازانی نێو کۆماری ئیسلامی پڕۆژەیەکیان بە نێوی ڕیکخستنی پەیامنێرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردووەتەوە و لە بڕگەیەکی ئەو گەڵاڵەیەدا هاتووە "پێویستە بەڕیوەبەڕی ئەنتەرنێت لە دەستی دەوڵەت بێتە دەر و ڕادەستی سوپای پاسداران بکرێت".

 

محەمەد جەواد جەهرومی وەزیری پێوەندییەکانی ئێران هۆکاری  ورووژاندنی ئەو پڕۆژە دەگەڕینێتەوە بۆ ئەوەی وەزارەتی پێوەندییەکان و ئۆپراتۆرەکانی بێ دەسەڵاتن لە ڕووی یاسادانان و پاڵاوتنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵی وەزارەتی پێوەندییەکان دژی ئەو پڕۆژەیەیە، بەڵام ئەگەر لە پەرلەمانی ئێران دەنگی پێ بدرێت ئەوە قەبووڵی دەکەن.

 

پڕۆژەکە باس لە چی دەکات؟

بە پێی پڕۆژە بڕیاڕەکە "سنوورپارێزی دیجیتاڵ و بەرگرى سایبری" لە ئێران و هەروەها پێشگرتن لە بەکارهێنانی زانیاڕی ڕێگەپینەدراو دەبێ لە لایەن سەرۆکایەتی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە لایەن ناوەندەکانی تایبەت ئەنجام بدرێت. لە لایەکی دیکە دەبێ سنووری زانیاریەکان لەسەر پێشنیاری سەرۆکایەتی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە ڕادەستی خامنەیی بکرێت بۆ ئەوەی بڕیاڕی کۆتایی لەسەر بدات.

 

سوپا بۆ لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان دەترسێت؟

بە دانانی گەڕی نوێی گەمارۆکان لەسەر ئێران کە بە قورسترین گەمارۆکان لەسەر ئێران دەناسرێتەوە دەسەڵاتدارانی ئێران ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە کە هاوشێوەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە ئێراندا سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی رووبدات و ئەو جار بە هۆی خراپتربوونی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک خرۆشانی جەماوەر ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لێ بکەوێتەوە.

 

لە خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا تۆرە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵیکی گەورەیان هەبوو لە وشیارکردنەوەی خەڵک و هەروەها درووستکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان خەڵکی شارەکانی ئێران. دوای خۆپێشاندانەکان دەسەڵاتداران لە ترسی ڕاپەڕینی دووبارەی خەڵک تۆڕی تێلێگرامیان داخست و ئێستاش بە هیوان لە ریگەی زیاتر کۆنتڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها پاڵاونتی زانیاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستاوە بەستێنەکانی خۆپیشاندانی میلیۆنی خەڵک دژی ئەو ڕژیمە لاواز بکەن.