Skip to main content

ئێران لەرێگەى لەسێدارەدان دەیەوێت توڕەیی هەڵمژێت

ئێران لەرێگەى لەسێدارەدان دەیەوێت توڕەیی هەڵمژێت
posted onSeptember 30, 2018
nocomment

قۆناغی یەکەمى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر ئێران، دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە بۆ دەربازبوون لە "توڕەیی خەڵک و بەرزبوونەوەى ناڕەزاییەکان، پرۆسەى دادگایی کردنى تومەتبارانى گەندەڵى خێراتر دەکات".

هەوڵەکانى کۆمارى ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى گشتى لەسەرتاسەرى وڵاتەکەى، پرۆسەیەکى زۆر جددی نیە، بەڵکو تەنها بۆ جوانکردن رژێمەکەى و هەڵمژینى توڕەیی خەڵکە، چونکە ئەوانەى بەگەندەڵییەوە تومەتبارن، کەسانى نزیک دەسەڵات و بەرپرسە باڵاکانى تارانن.

بەپێی راپۆرتە ئابوورییەکان " گەندەڵیی لەو وڵاتە گەیشتۆتە نێو سەرجەم دامەزراوەکانى دەوڵەت و، کۆنترۆڵکردنى لەدەست دەرچووە، تەنانەت بەخشینى بەرتیل و بەهەدەردانى سامانی گشتى بەشێوەیەکى گشتگیر بڵاوبووەتەوە".

تەلەڤزیۆنى فەرمیی ئەو وڵاتە لەهەواڵێکدا باسى لەوە کردووە " دادگاى تایبەت بەپرسى بەرەنگاربوونەوەى تاوانی دارایی دروستبووەو، بڕیاریداوە سێ تومەتباری ئەو کەسە لەسێدارە بدات".

دادگایی کردنى کەسایەتیەکان، بەهۆى کاردانەوەى سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکایە کەقۆناغی یەکەمی لەسەرەتاکانى مانگی ئابی رابردوو چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەسەر ڕەوشى ئابوورى گشتى ئەو وڵاتە دروستبووە.

نزیکەى مانگێک پێش ئێستا بەبڕیارى عەلى خامەنەئی، رابەرى باڵای کۆمارى ئیسلامی بڕیاری دابوو، بەرێکاری یاسایی و خێراو دادوەرى بەرەنگاری "جەنگی ئابوورى" ئەنجامبدەن.

بەتومەتى " بڵاوکردنەوەى گەندەڵی لەزەویدا"، کەسزاکەى بەپێی یاسای شەریعەتى ئیسلامی تاران، لەسێدارەدانە، سێ کەسایەتى بەبێ ئەوەى ناویان بهێنرێت بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

ئێران لەبرى چارەسەر کردن و دۆزینەوەى رێگەچارەیەک بۆ قەیرانە ئابوورییەکان، ئاڵۆزبوونى بژێوى هاوڵاتیان و، داڕمانى بەهاى دراوەکەى بەرامبەر دراوە سەرەکییەکان و، گرانبوونى کاڵاو لاوازبوونى تواناى کڕینى هاوڵاتیان دەخاتە ئەستۆى ئەمەریکاو ئیسرائیل و دوژمنانى رژێمەکەى.

لەبەشێکى دیکەى بڕیارى ئەو دادگایە زیندانی کردنى 32 کەس بووە بە 20 ساڵ زیندانیی.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەتشرینى دووهەمى داهاتوو، قۆناغی دووهەمى سزاکانى واشنتۆن بەسەر تاراندا دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کەزیاتر کەرتى نەوت و ووزە لەخۆ دەگرێت.