Skip to main content

مەزڵوومیەتى سەعید مۆلایی بووە سەرەخۆرەى جۆدۆى ئێران

مەزڵوومیەتى سەعید مۆلایی بووە سەرەخۆرەى جۆدۆى ئێران
posted onSeptember 19, 2019
nocomment

 

فیدراسیۆنى جیهانى جۆدۆ لە بڕیارێکیدا کە وەک بۆمب لە دونیاى وەرزشى تەقییەوە، چوارشەممە ٢٧ى خەرمانان /١٨ى سپتەمبەر، جۆدۆى ئێرانى هەڵپەسارد و لەم ساتە بە دواوە هەر چالاکی و ئامادەبوونى جۆدۆکارانی ئێران لە دونیا یاساغ بوو. ئەم بریارەى فیدراسیۆنیش دواى ئەوە هات کە کۆمارى ئیسلامى جۆدۆکارەکانى خۆى لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئیسرائیل مەنع و یاساغ کرد.

 

ئێران دەرفەتى هەیە لە ماوەى سێ حەوتووى ئایندە بەرامبەر ئەم بریارە داواى پێداچوونەوە لە فیدراسیۆنى جیهانى جۆدۆ بکات، بەڵام بەدەر لەم دەرفەتە، ئامادەیی جۆدۆى ئێران لە دونیا هەر یاساغ کرا و جۆدۆکارە ئێرانییەکان ناتوانن بەشدارى کێبەرکێیەکانى جۆدۆى تاشکەند بکەن.

ڕاگەیاندنە وەرزشییە جیهانییەکان کە ئەم هەواڵەیان لە لووتکەى کارەکانى خۆیان دانا، ئەگەریان داوە کە ئەم بڕیارەى فیدراسیۆنى جیهانى جۆدۆ، بکێشرێتە نێو بەشە وەرزشییەکانى دیکە کە تیایاندا ئێران و ئیسرائیل ڕووبەڕووى یەکترى دەبنەوە، بەتایبەت کێبەرکێى کەشتى.

بەرپرسانى فیدراسۆنى جۆدۆى ئێران ٦ى خەرمانان لە کاتى کێبەرکێى جۆدۆى جیهانى لە ژاپۆن، سەعید مۆلایی قارەمانى جۆدۆى لە قورسایی ٨١ کیلۆ ناچار کرد بە شێوەیەک کێبەرکێ بکات کە ڕووبەڕووى موکى ساگى لە ئیسرائیل نەبێتەوە. تەنانەت کاتێکیش کە کێبەرکێیەکە گەیشتە خوولى کۆتایی و ئەم جۆدۆکارە ئیسرائیلییە بووە براوەى میدالیاى زێر، بە مۆلاییان گوت دەبێت بە شێوەیەک یارى بکات کە نەبێتە سێیەم تا نەبادا لە کاتى وەرگرتنى میدالیاى زیو و لە پلەى سێیەم لە تەنیشت براوە ئیسرائیلییەکە بوەستێت.

ئەمە چەندین جار بوو کە ڕژێمى ئێران ئەم کارەساتەى بۆ سەعید مۆلایی دروست کرد، ئەم قارەمانەى ئێران ئەو ڕۆژە بڕیارى خۆى دا و بۆ هەمیشە ئێرانى جێ هێشت و ئێستا لەگەڵ هاوسەرە وەرزشکارەکە ئازەربایەجانییەکەى، لە ئاڵمان نیشتەجێیە.

ئێران لە ساڵى ١٩٨٣/ ١٣٦٢ـەوە، کێبەرکێکردنى لەگەڵ وەرزشکارە ئیسرائیلییەکان یاساغ کردووە، بەڵام تا ئێستا بوێرى چاکسازى لەم بریارەى خۆى نەبووە!