Skip to main content

سولەیمانى نەیهێشت گەورەترین فراکسیۆنى شێعە دروست بێت

سولەیمانى نەیهێشت گەورەترین فراکسیۆنى شێعە دروست بێت
سولەیمانى و قەتەر ناهێڵن هاوپەیمانییەکانى نزیک لە ئەمریکا یەک بگرن
قاسم سولەیمانى و قەتەر بە کوردەکانیان گوت بەشدارى کۆبوونەوەکە مەکەن
posted onAugust 22, 2018
nocomment

 

لەدواى پەسەندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە 12 ئایار (بانەمەڕ)ـى رابردوو لە لایەن دادگاى فیدراڵى ئەو وڵاتەوە، جموجۆڵى فراکسیۆنە براوەکانى پەرلەمان خێراتر و چڕتر بووەتەوە بۆ ئەوەى گەورەترین هاوپەیمانى لە نێو خۆیاندا دروست بکەن.

 

بە پێی زانیارییە دزە پێکراوەکانى نێو کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى بەغدا بە تایبەت لە نێو ماڵى شێعەکان کە تا ئێستاش نەگەیشتوونەتە ئاستى پێکهێنانى بەرەیەکى هاوبەش "فەرماندەى سوپای قودس و قەتەر، شکستیان بە پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى هێنا، کە بڕیار بوو لە نێوان فراکسیۆنى نەسر، سائیرون، حیکم و نیشتیمانى دروست ببێت".

هاوپەیمانى سائیرون گەورەترین هاوپەیمانى براوەیە بە سەرۆکایەتى موقتەدا سەدر

هاوپەیمانى سائیرون گەورەترین هاوپەیمانى براوەی پەرلەمانى عێراقە بە سەرۆکایەتى موقتەدا سەدر و حیزبی شیوعى.

 

سەرچاوە نزیکەکانى کۆبوونەوەکان ئاشکراشیان کردووە "بەرپرسانى دۆحە، لە چەند ڕۆژى ڕابردوو پەیوەندییان بە سەرکردە سوننى و کوردەکانى عێراقەوە کردووە کە بە نیاز بوون بچنە نێو پڕۆژەى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى، بەڵام بێ ئەوەى هۆکارەکەى ڕابگینرێت، پڕۆسەکە دواخرا".

لە چەند ڕ ۆژى رابردوو شەقامى عێراق ململانێیەکى میدیایی و دڵەراوکێیەکى لە شەقامەکانی دروست کردبوو لەوەى کە چ بەرەیەکی شێعەکان گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى دروست دەکەن و کامەیان مافی دەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیرانى دەبێت.

هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا کە ئێران پشتى دەکرێت، مالیکى سەرۆکایەتى دەکات.

هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا کە ئێران پاڵپشتى دەکرێ و مالیکى سەرۆکایەتى دەکات.

 

گرنگترین یاریزانەکانى نێو ماڵى شێعەکانیش بریتین لە فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، بە سەرۆکایەتى نوری مالیکی جێگرى سەرۆککۆمارو هاوپەیمانى فەتح، بە سەرۆکایەتى هادی عامری سەرۆکى ڕێکخراوى بەدر و سەرکردەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی لە لایەک کە بە هاوپەیمانى نزیکى تاران دادەنرێن. لە بەرامبەریشدا هاوپەیمانى سائیرون بە سەرۆکایەتى موقتەدا سەدر، فراکسیۆنى نەسڕ بە سەرۆکایەتى حەیدەر عەبادی، ڕەوتى حیکمە بە سەرۆکایەتى عەمار حەکیم هەیە کە ئەمانەش لە بەرەى ئێرانەوە دوورن و دژى دەستێوەردانى ئەو وڵاتەشن.

هادی عامری سەرۆکى ڕێکخراوى بەدر و سەرکردەى حەشدی شەعبی سەرۆکایەتى هاوپەیمانى فەتح دەکات

هادی عامری سەرۆکى ڕێکخراوى بەدر و سەرکردەى حەشدی شەعبی سەرۆکایەتى هاوپەیمانى فەتح دەکات

 

لە دوو ڕۆژى ڕابردوو گۆڕەپانى سیاسی لە ڕاگەیاندنى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى نزیک بووەوەو، هەردوو بەرەکەش دڵنیایی ئەوەیان بە گەلى عێراق دا کە ئەوان مافی پێکهێنانى حکومەتیان بە دەست هێناوە و لە کۆى 329 کورسى پەرلەمان 200 کورسییان مسۆگەر کردووە.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە "دوو هۆکاری سەرەکی هەیە کە ئاراستەى کورد و سوننەکانى بەرامبەر بەشدارییکردنیان لە کۆبوونەوەکەى هۆتێل بابل گۆری".

گووتیشى "یەکێکیان لەلایەن قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپای قودس بوون و، ئەویتریش لە لایەن بەرپرسانى قەتەر، بە بێ ئەوەى پێگە و ناسنامەى ڕوون بکرێتەوە، کە داوایان لەو دوو لایەنە کردووە، پرسی بەشدارییکردنیان دوا بخەن".

یەکێـى و پارتى دوو حزبن کە لە باشوورى کوردستان زۆرترین دەنگیان هێناوە!

یەکێـى و پارتى دوو حزبن کە لە باشوورى کوردستان زۆرترین دەنگیان بۆ پەرلەمانى عێراق هێناوە!

 

راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە لە نێو کوردەکاندا "یەکێتى نیشتیمانى کوردستان یەکێکە لە هاوپەیمانە تەقلیدییەکانى ئێران، بەڵام دواى کاردانەوەکانى ڕیفراندۆمەکەى ئەیلوولی 2017، لە ڕێگەى قاسم سولەیمانییەوە، پارتی دیموکراتى کوردستانیش لە تاران نزیک بووەوە".

تەنانەت دابەزینى فڕۆکەکەى سولەیمانى لە فڕۆکەخانەى هەولێر بە بێ ڕەزامەندی حکومەتى ناوەندی بەغدا، پێچەوانەى بڕیارەکەى عەبادی بووە تا ئاستێک خودی ئێران هێڵى سووری خستووەتە سەر سەرۆکوەزیرانى ئێستا بۆ ئەوەى خوولى دووهەم وەرنەگرێتەوە.

ڕۆڵى دۆحە لەگەڵ سەرکردە سوننەکان، ناوبژیوانیکردنیانە لەگەڵ بەرپرسانى ئێران و ڕێکخستنى چەندین کۆبوونەوەى باڵا لە نێواندا ڕێک خراوە بەتایبەت لەگەڵ خەمیس خەنجرو هادی عامری بووە. هەرچەندە هاوپەیمانى میحوەرى نیشتیمانى پێشتر ئاماژەى بەوە کردبوو لە هاوپەیمانییەکەى (سەدر، عەبادی، حەکیم و عەلاوی) نزیکە، بەڵام لە دوێنێ ئێوارەوە دواى پەیوەندییەکانى قەتەر هەر یەک لە خەنجەر و نوجێفی لە هەڵوێستەکانیان پاشگەز بوونەتەوە.

هاوپەیمانى نەسر، حەیدەر عەبادى سەرۆکایەتى دەکات!

هاوپەیمانى نەسر، حەیدەر عەبادى سەرۆکایەتى دەکات!

 

بەرامبەر پەیوەندییکردنیان بە هەر هاوپەیمانییەکى شێعەکان مەرجی ئەوەیان خستۆتەڕوو کە "کۆدەنگی هەبێت بۆ ئەوەى خەنجەر، پۆستى جێگری سەرۆککۆمار و حەلبوسی بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان و نوجێفیش بۆ جێگرى سەرۆکوەزیران وەربگرن، لە پاڵ ئەوانەش وەزارەتى بەرگری، دەرەوە و بازرگانى و گواستنەوە بدرێتە سووننەکان".

زانیارییەکان ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە سولەیمانى پێشنیاری بۆ کورد و سوننەکان کردووە "بەشداریی هیچ هاوپەیمانیەتیێک نەکەن تا ئەو کاتەى مالیکی و عامری و ژمارەیەک پەرلەمانتار گەورەترین فراکسیۆن رادەگەیەنن، کە بەشێکى هاوپەیمانى نەسریشى تێدایە".

تا ئێستاش هیچ لایەنێکى شێعە چ لەوانەى لەبەرەى ئێران نزیکن و چ ئەوانەش لەو بەرەیە دوورن، نەیانتوانیوە گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى لە عێراق پێکبهێنن، هەمووانیش چاوەڕوانى هەڵوێستى کورد و سوننەکانن تا بتوانن هەنگاوێکى دیکە بچنە پێشەوە.