Skip to main content

زەریف فرۆشیارى کاڵاکانى کۆمارى ئیسلامی

زەریف فرۆشیارى کاڵاکانى کۆمارى ئیسلامی
AvaToday caption
posted onMarch 3, 2019
nocomment

 

دواى چەند خوولەکێک لە بڵاوکردنەوەى دەستلەکارکشانەوەکەى جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامی ئێران لە تۆڕی ئەنیستاگرام، ئاژاوەیەک لەنێوخۆى ئەو وڵاتە دروست بوو و تارانى خستە نێو گەژاوێکى گەورە.

 

بەجۆرێک ئەو ڕژێمە واى دەردەخست کە "بەرامبەر هەموو تەگەرەکان یەکگرتووانەیە"، بەڵام دەرکەوت کەوتۆتە ژێر فشارێکى ناوخۆیی و دەرەکیی بەهێزەوەو، گەورەترین بەرپرسى باڵاو کەسایەتیۆەکى دیاریی وەک زەریف بە ئاشکرا دەستلەکارکێشانەوە خۆى پێشکەش بە حکومەتەکەى حەسەن ڕوحانى کرد.

بینی ئافنی نووسەرى ستوونى سیاسی ماڵپەرى "نیو پۆست"ـى ئەمەریکى پێی وایە "ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە، تەنها بانگەوازەیەکى فریاکەوتن بێت لەلایەن زەریفەوە، هەوڵێکیشە بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت کە کەسایەتیەکە ئێران هێشتا پێویستى پێی هەیە"، بەڵام دواى ڕۆژێک لە دەستلەکارکێشانەوەکەى سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد " دەسەڵاتدارانى ئێران پەسەندی ناکەن".

بەگووتەى ئەو نووسەرە "ڕاستییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە زەریف ناسراوترین سیمای ئێرانە لەلایەن وڵاتانى ڕۆژئاواوە، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکى ڕاستەقینەى لەناوخۆى وڵات دا نییە، تەنها ڕۆڵى فرۆشیارى بەرژەوەندییەکانى کۆمارى ئیسلامی دەبینێت، ئەمڕۆش ئەو ڕۆڵە بووەتە جێی هەڕەشە"، دەشڵێت "ئەگەریش لە پۆستەکەى بمێنێتەوە، ئەوا دراماکە بە شێوەیەکى خێرا کۆتایی نایەت و، قەیرانەکانى ڕژێمى ئێرانیش بەو ئاسانییە چارەسەر نابن، کە دەست لەکارکشانەوەى زەریف بە سەریدا دروستی کردووە".

ئافنى هێماش بۆ قەیران و ئاڵۆزییە ئابوورییەکانى ئێران دەکات، کە پێشبینى هەڵاوسانى زیاتری لێدەکرێت، هاوکات چاودێرانیش لە ماوەى ڕابردوو پێشبینى ئەوەیان کردبوو بووژانەوەیەکى نەرێنى لەسنوورى سەدا ٣,٩ لە ٢٠١٩ تۆمار بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە زۆربەى هاووڵاتیانى ئێران بەهۆى کاردانەوەکانى سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا بەسەر وڵاتەکەیانەوە دەناڵێنن، بەو هۆیەوەش چەندین خۆپێشاندان و ناڕەزایی سەرتاسەرى دروستبوون و، بە بەراورد لەگەڵ هاوتاکانى ڕابردووى فراوانتر و چڕتر بوون.

ئەمەش واى لە سەرکردەکانى نێوخۆى ڕژێمى ئێران کردووە دژى یەکتر کودەتا ئەنجام بدەن و، تاوانەکەش بخەنە مل یەکتر، لەو بارەیەوەش بیهنام بین تالیبو چاودێرى ڕەوشى ئێرانى لە نێو پەیمانگەى بەرگرى لە دیموکراتی جەخت لەوە دەکاتەوە "لەگەڵ زۆربوونى دابەشکارییەکان ڕژێم بەردەم دەبێت بۆ ئەوەى خۆى وەک بەرەیەکى یەکگرتوو نیشان بدات، لە هەمان کاتیشدا ڕووبەرووى فشارێکى دەرەکی و ناوخۆیی دەبێتەوە".

ئافنى نایشارێتەوە کە "لەئێستایە سوپاى پاسداران، دەستێکى درێژى لەئێران هەیەو، پشکێکى گەورەشى لەئابوورى وڵات بەدەستەوەیەو، کاریگەرى بەرچاویشى هەیە لە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى وڵاتەکەى". بۆیەش کاتێک حەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆمار لە کاتى خستنەرووى بوودجەى گشتى وڵاتەکەی، سکەڵگوشینى لەسەرجەم بوارەکان ڕاگەیاند، لەو نێوەندە سوپاى پاسداران توڕەیی خۆى لەو پرسە نیشان داو، لەرێگەى عەلى خامنەیی، ڕێبەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی توانى دوو ملیار دۆلار بۆ پارەدار کردنى ئۆپەرسیۆنەکانى بەرز بکاتەوە.

لەبەرەى دووەمى دابەشکارییەکان زەریف، کەیەکێکە لەکەسە دیپلۆماتییە لێهاتووەکان و، بەزەردەخە بەردەوامییەکەى و، ئەندازیارى ڕێکەوتننامەى ئەتۆمی سەردەمى باراک ئۆباما، سەرۆکى پێشووى ئەمەریکا ناسراوە، بەهاوبەشى لەگەڵ ڕوحانى وڵاتەکەیان ناچار کرد کۆمەڵێک دەستبەردارى جوانکاری پێشکەش بەرۆژئاوا بکەن، بۆ ئەوەى ئابوورى وڵاتەکەیان ڕزگار بکەن، بەڵام سوپای پاسداران سیاسەتى نمایشکردنى ماسولکەکانى نمایشى جیهان دەکات و، دەستکەوتە ئەتۆمییەکانى نمایش جیهان دەکات وەک تۆقاندنێکى ئەوروپاو ئەمەریکا، بەبۆچوونى خۆى "ئەوان ناچار دەکات دەستبەردارى زیاتر پێشکەش بەتاران بکەن".

لەو نێوەندەش یەکێتى ئەوروپا ئەمڕۆ سەرقاڵى ئەوەن ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ لە ڕێگەى دروستکردنى ئالیەتێکى نوێن بۆ تێپەراندنى سزاکانى ئەمەریکا بەسەر ئێرانەوە، بەو هۆیەوەش داوایان لە تاران کردووە "پەیوەندیی بەرێکخراوى فرە ناسنامەى تیمی کارکردن بە ڕێکارە داراییەکان FATFـەوە بکات، کە ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارە دروستیان کردبوو، تا ڕێگرى لە هاریکاری دارایی بۆ تیرۆریستان بگرن.

بۆیەش سوپای پاسداران دژى داواکەى زەریف و ڕوحانى بوون لە پابەندبوونى تەواوى بە ئالیەتیەکەی FATF بێت، چونکە بە گووتەى خۆیان " ئێران ناچار دەبێت پارەدارکردنى حزبوڵاو گرووپ و میلیشیا تیرۆریستییەکان ڕابگرێت، کە لەبرى ئەو شەڕ لەناوچەکە دەکەن". ئافنى لە بەشێکى دیکەى وتارەکەى باس لەوە دەکات "یەکێک لەو گورزانەى بە زەریف کەوت لەلایەن باڵە ناکۆکەکانى ئێرانەوە، پەیوەندیی بە سەردانەکەى بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا بۆ تاران بوو، کە یەکەم گەشتى دەرەکیی ئەو سەرۆکە بووە دواى حەوت ساڵ".

ئەسەد لەو سەردانەیدا کە چاوى بەهەریەک لە خامنەیی و ڕوحانى کەوتووە، زەریف ئامادەى نەبووەو، لەبرى ئەو قاسم سولەیمانى،فەرماندەى سوپاى قودس لەسەر هەمان کورسییەکەى زەریف دانیشتبوو. سەرچاوەکان دەڵێن "زەریف زانیاریی لەسەر سەردانەکەى نەبووە، ئەمەش ئەو پووشە بوو کە پشتى وەزیرى دەرەوەى شکاندووەو، بۆیەش پێش ئاوابوونى ئەستێرەى بەختى لەنێو سیستەمى سیاسی ئێراندا هەوڵی دا پاشەکشێ بە خۆیدا بکات".

هەرچەندە خۆى وا نیشان داوە کە "کەسێکى میانڕەوە لەنێو ئێران"، بەڵام هیچ کاتێک جێی متمانەى سوپاى پاسداران نەبووە، بەجۆرێک هەندێکیان بە نۆکەرى ئەمەریکاو خائین وەسفیان کردووە.