Skip to main content

گاردیان: ئێران بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕووسیا و تەکنەلۆژیای چین باشتر ئامانجەکانی دەپێکێت

گاردیان: ئێران بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕووسیا و تەکنەلۆژیای چین باشتر ئامانجەکانی دەپێکێت
posted onJuly 25, 2026
nocomment

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، ئێران لەکاتی هەڵکشانی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، توانیوویەتی توانای خۆی بۆ پێکانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و دامەزراوە هەستیارەکان پەرە پێبدات.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە دەڵێت، لەڕێگەی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای چین و پەیڕەوکردنی ئەو تاکتیکە سەربازییانەی کە لە ئەزموونی ڕووسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا وەرگیراون ئێران باشتر لە پێشوو ئامانجەکانی لە ناوچەکە دەپێکێت.

دان سەباغ، سەرنووسەری کاروباری بەرگری و ئەمنی لە ڕۆژنامەکە دەڵێت، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران ئاستێکی باڵای وردی و توانای تێکشکاندنی قورسیان پێوە دیار بووە، ئەمەش هاوکات خاڵە لاوازەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا دەرخستووە.

ڕاپۆرتەکە پشتی بەو هێرشە بەهێزە بەستووە کە کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی "موفەق سەلوتی" لە ئوردن سەرەڕای ئەوەی بنکەکە لەلایەن پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئەمریکی ''تاد''ـەوە  دەپارێزرا، بەڵام هێرشەکە سەرکەوتوو بووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا سێ سەربازیی ئەمریکیی کوژران.

میدیاکانی ئێران چەند وێنەیەکی مانگی دەستکردیان بڵاوکردووەتەوە کە زیانە بەرکەوتووەکانی ناو چەند دامەزراوەیەکی ئەو بنکە سەربازییە نیشان دەدەن. ئێستا پێنتاگۆن دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوەی جددی لەسەر هۆکاری سەرنەکەوتنی سیستەمە بەرگرییەکە لە بەرپەرچدانەوە و خستنەخوارەوەی هێرشەکەدا.

هەر پەیوەست بەمە، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، باوەڕی بەوە نییە چین یان ڕووسیا بەشداری لە ململانێی ئێراندا بکەن. هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئەوان بەشداری بکەن ئەوە زۆر خراپ دەبێت بۆیان.