Skip to main content

سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکیی ئێران: ١٧ پزیشک دەستبەسەر کراون

سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکیی ئێران: ١٧ پزیشک دەستبەسەر کراون
posted onFebruary 1, 2026
nocomment

سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی پزیشکیی ئێران ڕایگەیاند، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی ڕابردوودا ١٧ پزیشک دەستبەسەر کراون، بەڵام ڕەتی کردەوە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیان بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی بە بریندارەکان بگەڕێتەوە.

محەممەد ڕەئیسزادە، سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی پزیشکیی ئێران، ڕۆژی شەممە ئیدیعای کرد: "هیچ کام لەو کەسانە تەنیا بەهۆی ئەنجامدانی کاری چارەسەری دەستبەسەر نەکراون؛ ئێمە هیچ حاڵەتێکمان نییە کە کەسێک لە شوێنێک چارەسەری پزیشکیی کردبێت و بەو هۆیەوە دەستبەسەر کرابێت."

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، نیگەرانییەکان لەبارەی دەستبەسەرکردنی پارێزەرانیش بەردەوامە. ڕۆژنامەی (شەرق)ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، لە کاتێکدا کانوونی پارێزەران دەڵێت زانیاریی وردیان لەسەر ژمارەی پارێزەرە دەستبەسەرکراوەکان لە مانگی کانوونی دووەمدا نییە، بەڵام نۆ پارێزەر لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکاندا دەستبەسەر کراون.

لە دوای ئەو سەرکوتکارییانە، چەندین ڕاپۆرتی نافەرمی بڵاو بوونەوە کە ئاماژەیان بەوە دەکرد ژمارەیەک پزیشک و کارمەندی تەندروستی لە شەقام و نەخۆشخانەکاندا، تەنیا بەهۆی هاوکاریکردنی بریندارەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون یان دەستبەسەر کراون.