Skip to main content

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: ڕەنگە ٢٥ هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژرابێتن

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: ڕەنگە ٢٥ هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژرابێتن
posted onJanuary 23, 2026
nocomment

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تاران بۆ ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان بە "بێبایەخ" وەسف دەکات و دەڵێت، ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر لەوە زیاترە کە ڕاگەیێندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR) کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆورێژە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو ئامارانەی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بڵاوکرانەوە "باوەڕپێکراو نین" و داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و نێودەوڵەتی دەکات.

ئەم کاردانەوەیەی ڕێکخراوەکە دوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی بە "٣ هەزار و ١١٧" کەس ڕاگەیاندبوو.

شاردنەوەی سیستماتیکی ئامارەکان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران مێژوویەکی دوورودرێژی لە شاردنەوە و کەم نیشاندانی ئاماری قوربانییانی توندوتیژییەکان هەیە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئێران ساڵانە بە تێکڕا تەنیا ١٢٪ی ئاماری لەسێدارەدانەکانیان بە فەرمی ڕاگەیاندووە."

ڕێکخراوەکە زیاتر دەڵێت: "ئەگەر هەمان ئەو شێوازی کەم نیشاندانەی ئامار کە لە پرسی لەسێدارەدانەکاندا پەیڕەو دەکرێت، بۆ کوژراوانی خۆپێشاندانەکانیش بەکار هێندرابێت، ئەوا ڕەنگە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان گەیشتبێتە ٢٥ هەزار کەس."

ئاستەنگەکانی بەردەم زانیاری

لە دوای بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی پەیوەندییەکان لە ئێران، میدیا جیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماری جیاوازیان لەبارەی قوربانییەکان بڵاوکردووەتەوە. ئەم ئامارانە کە زۆربەیان پشتبەستوون بە شایەتحاڵەکان، ڤیدیۆ دزەپێکراوەکان و سەرچاوە تەندروستییەکان، ئاماژە بە هەزاران کوژراو دەکەن.

پێشتر تۆڕی میدیاییی (سی بی ئێس)ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بڵاویکردبووەوە، کە ئەگەری هەیە ژمارەی کوژراوان گەیشتبێتە ٢٠ هەزار کەس، کە تاوەکو ئێستا ئەوە بە بەرزترین ئامار دادەنرا پێش بڵاوکردنەوەی هەڵسەنگاندنە نوێیەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران.