Skip to main content

گرژی لە زاهدان

گرژی لە زاهدان
هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی ساچمەیی دژی خۆپێشاندەران بەکاردەهێنن
posted onJanuary 9, 2026
nocomment

سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیێنن، دوای نوێژی هەینیی ئەمڕۆ لە شاری زاهدان، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران ڕووبەڕووی خۆپێشاندەرانی بەلووچ بوونەتەوە و گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی ساچمەییان دژیان بەکارهێناوە.

ڕێکخراوی "حاڵ وەش" کە چاودێریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سیستان و بەلووچستان دەکات، بڵاوی کردەوە کە هاووڵاتییانی بەلووچ لە دەوروبەری مزگەوتی مەککی کۆبوونەتەوە و دروشمی دژی حکوومەت و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان گوتووەتەوە. بەگوێرەی شایەتحاڵان، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە پەنایان بۆ تووندوتیژی بردووە، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک خۆپێشاندەر بریندار بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدایە کە زاهدان پێشینەیەکی خوێناوی لە ململانێی نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکاندا هەیە. لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، کە بە "هەینیی خوێناویی زاهدان" ناسراوە، لانی کەم ١٠٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە نێو بنکەیەکی پۆلیسەوە کوژران.

چالاکڤانانی بەلووچ ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای ڕێوشوێنە تووندە ئەمنییەکان و ئەزموونی تاڵی "هەینیی خوێناوی"، هێشتا ناڕەزایەتییەکان لەم ناوچەیە بەردەوامن و خەڵک بۆ داواکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان دەچنە سەر شەقامەکان. تاران تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی برینداربوونی خۆپێشاندەرانی ئەمڕۆی زاهدان نەداوە.