دوای ساڵانێک لە چالاکیی چەکداری لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گرووپی جەیشولعەدل بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێی بەناوی "بەرەی تێکۆشەرانی گەل لە بەلووچستان" راگەیاند کە لە پێکهاتنی ژمارەیەک حیزب و رێکخراوی بەلوچ پێکدێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکان کە رۆژی 22ی سەرماوەزی 1404 بڵاوکراوتەوە، ئەم گۆڕانکارییە وەک هەوڵێک بۆ پێناسەکردنەوەی ناسنامەی گرووپە چەکدارەکان لە جووڵەیەکی "تایفی و ئایینی"یەوە بۆ بەرەیەکی "نیشتمانی و سیاسی" وەسف دەکرێت. لە لۆگۆی نوێی بەرەکەدا، هێمای کولتووری بەلووچی و کتێب جێگەی دروشمە توندەکان و ئایینییەکانی گرتووەتەوە.
یەکگرتنی حیزب و رێکخراوە بەلوچەکان وەک هەنگاوێکی کاریگەر بۆ پەرەپێدانی خەباتی بەلوچستان، بەهێزتبوونی لایەنە بەلوچەکان و کۆتاییهاتن بە پرش و بڵاوی لە قەڵەم دەدرێت.
عەبدولسەتار دۆشۆکی، شرۆڤەکاری سیاسیی بەلووچ ئاماژەی بەوە کردووە، جەیشولعەدل دەیەوێت بەم هەنگاوە لە دروشمی جیابوونەوە دووربکەوێتەوە و وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەریی ئێران بۆ رووخانی دەسەڵات دەرکەوێت.
هاوکات چالاکڤانانی دیکە پێیانوایە، ئەم گۆڕانکارییە کاردانەوەیە بەرامبەر گوشارە ئەمنییەکان و هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی کۆمەڵایەتی لەنێو خەڵکی بەلووچدا، کە داواکارییەکانیان زیاتر مەدەنی و مافخوازانەن تا توندوتیژیی رووت. سەرکەوتنی ئەم بەرەیە بەندە بەوەی تا چەند دەتوانێت نوێنەرایەتیی داواکارییە مەدەنییەکانی خەڵک بکات و لە تێڕوانینی سەربازی دووربکەوێتەوە.