
سێ ئێرانی بە گومانی سیخوڕی لە بەریتانیا دادگایی دەکرێن؛ تۆمەتبارن بەوەی ڕۆژنامەنووسانی "ئێران ئینتەرناشناڵ"یان کردۆتە ئامانج.
سێ پیاوی ئێرانی، کە گومانی تێوەگلانیان لە چالاکی سیخوڕیدا لێدەکرێت و لە دادگایەکی لەندەن ئامادەبوون، تۆمەتبارکراون بەوەی ڕۆژنامەنووسانی کەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ"یان کردۆتە ئامانج.
مستەفا سپەهوەند (٣٩ ساڵ)، فەرهاد جەوادیمەنش (٤٤ ساڵ) و شاپور قەڵاعەلی خانی نووری (٥٥ ساڵ)، رۆژی ٢٧ی بانەمەڕ لە دادگای وێستمینستەری لەندەن ئامادەبوون.
هەر سێ تۆمەتبارەکە دوای داواکردنی مافی پەنابەری، توانیویانە مۆڵەتی مانەوەی کاتی لە بەریتانیا بەدەستبهێنن. ئەوان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٢ بە بەکارهێنانی بەلەمی بچووک و خۆحەشاردان لەناو بارهەڵگردا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
پۆلیسی بەریتانیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٧ی بانەمەڕ ڕایگەیاندبوو کە ئەو سێ کەسە، کە لە ڕۆژی ١٤ی بانەمەڕ دەستگیرکرابوون، تۆمەتبارکراون بە گومانی ئەنجامدانی کارێک کە ئەگەری هەیە یارمەتی "دەزگایەکی هەواڵگریی ئێران" بدات.
ئەم سێ کەسە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە کارگەلێکدا کە ئەگەری هەیە بە مەبەستی یارمەتیدانی دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی، واتە ئێران، لە ئەنجامدانی چالاکیی پەیوەست بە بەریتانیاوە ئەنجامیان دابێت.
دۆمینیک مۆرفی، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکەی دژەتیرۆری میترۆپۆلیتان، دەڵێت ئەم تۆمەتانە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی "زۆر ئاڵۆز و کتوپڕی" پۆلیسن.
مۆرفی گوتی لێکۆڵەرەوان لە کاتی دەستگیرکردنی ئەم کەسانەوە "شەو و ڕۆژ" سەرقاڵی کارکردن بوون و زیادی کرد کە پۆلیس پەیوەندی بەو کەسانەوە کردووە کە ئامانجی ئەم پیاوانە بوون.