Skip to main content

ئەمریکا سزاکانى دژى ئێران تووندتر دەکا

ئەمریکا سزاکانى دژى ئێران تووندتر دەکا
جۆن بۆڵتۆن: پێمان وایە حکومەتى ئەو وڵاتە ڕووبەرووى فشارێکى ڕاستەقینە بووەتەوە.
posted onNovember 14, 2018
nocomment

 

راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی ئەمریکا بەڵێنى داوە "تووندترین هێزى فشارو سزا دژى ئێران پەیڕەو بکەن"، ئەو لێدوانەى ئەو بەرپرسەش دواى هەفتەیەک لەجێبەجێکردنى دووەم قۆناغی سزاکانى وڵاتەکەیەتى دژى تاران.

 

لەلایەن خۆیشیەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا هەوڵەکانى چڕ کردووەتەوە بۆ چۆکدادانى کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنى بەرنامە ئەتۆمیی و مووشەکى بالیستى و ڕاگرتنى سیاسەتە شەڕانگێزەکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. تا ئێستا دوایین قۆناغی سزاکانى واشنتۆن دژى ئێران بە تووندترین سزا دادەنرێت، کەئامانجی دابەزاندنى ئاستى هەناردەکردنى نەوتی خاوى ئەو وڵاتەیەو، لە هەمان کاتیشدا قۆڵبەستکردنى بانکەکانیەتى لەگەیشتن بەبازاڕە دارایی نێودەوڵەتییەکان.

جۆن بۆڵتۆن، لەبارەى بەڵێنەکەى دژى ئێران لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى لە سەنگاپوور ڕایگەیاند "پێمان وایە حکومەتى ئەو وڵاتە ڕووبەرووى فشارێکى ڕاستەقینە بووەتەوەو، ئامانجی ئێمەشە فشارێکى زیاتریان بخەینە سەر". دووپاتیشی کردەوە "جێبەجێکردنى سزاکان تووندتر دەکەین".

لەئایارى ڕابردوو ترامپ، تاکلایەنانە لەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکان کشایەوەو، بەڵێنى دا، لەبرى بەشدارییکردن لەو ڕێکەوتننامەیە سزاى نوێ و تووندتر بەسەر تاراندا بسەپێنێت. لەسەرەتاى ئاب (پووشپەڕ)ی ڕابردووەوە یەکەم قۆناغی سزاکانى جێبەجێ کرد و، لە تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)یش دووەم قۆناغ چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە. بۆڵتۆن گووتیشى "هیچ گومانی تێدا نییە، ئێران دەستى بەوە کردووە ڕێکارى نوێ بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى خۆى لە سزاکانى کەرتى نەوت  و بازاڕى دارایی بدزێتەوە".

سەرەڕاى ئەوەى پشکێنەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەپایەندییەکانى تاران دەکەن، بەڵام ڕاوێژکاری ئاسایشى نەتەوەیی واشنتۆن هیماى بەوە کردووە " زۆربەى وڵاتانى ئەوروپا لە قۆناغی نکۆڵی و توڕەیی بوون، بەڵام بەشێکیان دووپاتیان لە بێلایەنى خۆیان کردووە". سەرەتا کوشکی سپی لەهەوڵى ئەوە بوو ئاستى هەناردەکردنى نەوتى ئێران بگەیەنێتە سفر، بەڵام لەلایەن زۆربەى کڕیارانى ئەو نەوتەوە توڕەیی دروستبوون، ناچار بوو بڕیارەکەى هەموار بکاتەوەو، هەشت وڵاتیش لەلیستى سزایەکانى دوور بخاتەوە، بە مەرجێک لەماوەى ١٦٠ ڕۆژ بە دواى جێگرەوەیەک بۆ ئەو نەوتە بدۆزنەوە.

گرنگترین مەرجەکانى ئەمریکا دژى ئێران ڕاگرتنى ئەو سیاسەتەیە کە لە ساڵى ١٩٧٩ پەیڕەوی دەکات، لە پاڵپشتیکردنى گرووپە میلیشیاکانى ناوچەکە وەک حزبوڵا و چەندین گرووپی دیکە، کە  شەڕى بەوەکالەت بۆ تاران دژى نەیارانى دەکەن.

لە بەرامبەریشدا سەندوقى نەختى نێودەوڵەتى پێشبینى کردووە سزایەکانى سەرکۆماری ئیسلامی ببێتە هۆکارێک بۆ داکشانى سەدا ١.٥ـى ئابوورى ئێران و ساڵى داهاتووش ئاستەکە بۆ سەدا ٣.٦ بەرز ببێتەوە. لە دوایین ڕاپۆرتیشى لەبارەى ئەو وڵاتەوە جەختى لەوە کردووە "ئێران پێویستى بەوەیە نرخی نەوت بگاتە ٩٨.٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و لە ساڵى داهاتووش نرخەکەى لەسنوورى ٩٥.٤ بێت، بۆ ئەوەى هاوسەنگییەک لە بوودجەکەى دروست بکات".

لەو نێوەندەش بەرپرسی جێبەجێکردنى سزاکانى ئەمریکا لەوەزارەتى خەزێنە ئاشکراى دەکات "یەکێتى ئەوروپا ناتوانێت هیچ ڕێگایەک بۆ خۆدزینەوەى ئێران لە سزاکانى وڵاتەکەى بدۆزێتەوە، کە لە لایەن سەرۆک ترامپەوە خراوەتە سەر کەرتى نەوت و بانکەکانى ئێران".

سیگال ماندلکیر، بریکارى وەزارەتى خەزێنە بۆ کاروبارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و تاوانى دارایی گوومانیشى لەوە بووە"هەوڵەکانى ئەوروپا بۆ پەرەپێدانى ئالیەتێکى نوێ سەرکەوتن بە دەست بهێنێت".