بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هەموو چاوەکان لە نیۆیۆرک لەسەر ڕوحانى و  زەریفن

هەموو چاوەکان لە نیۆیۆرک لەسەر ڕوحانىو  زەریفن
ترامپ خانەخوێیە و نەتانیاهۆ دیار نییە!
posted onSeptember 21, 2019
noبۆچوون

بە قسەى چەند ڕۆژى ڕابردووى دۆناڵد ترامپى سەرکۆمارى ئەمریکا کە گوتى "بە پێدانى ڤیزە بە ڕوحانى و زەریف بۆ نیۆیۆرک هیچ کێشەم نییە" و ئامادەبوون لە دانیشتنەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان مافی خۆیانە وئەمریکا بەرامبەر سەرۆکى وڵاتان وەبەرچاوى دەگرێت"، واشنتۆن ڤیزەى دایە شاندەکەى ئێران و بڕیار وایە حەسەن ڕوحانى سبەى دووشەممە بچێتە نیۆیۆرک.

 

دۆناڵد ترامپ پاش سەرۆکى نەتەوە یەکگرتووەکان، قسەکەرى کۆبوونەوەى حەفتا و چوارەمى ئەم کۆمەڵەیەیە و قسەکردنى ڕوحانی سەرکۆمارى ئێران بۆ ڕۆژى سێشەممە دیارى کراوە.

وا هەڵدەسەنگێنرێت کە ئامادەبوونى ڕوحانى لە نیۆیۆرک زۆرترین چاوى لە دونیا و بەتایبەت لە نێو ڕاگەیاندنەکانى ئەمریکا لەسەرە و تەنانەت زیاتر لە ترامپ، قسە و دیدارەکانى ئەم دوو کەسەى کۆمارى ئیسلامى لە نیۆیۆرک جێگەى بایەخى هەموو لایەک دەبێت.

زەریف دوێنێ هەینى ٢٩ى خەرمانان گەیشتە نیۆیۆرک، ئەمە دووەمین جارە لە پاش گەمارۆی ئەمریکایە لەسەری کە ئامادە دەبێت لەم شارە ئەمریکییە. جارى پێشووش بەر لە گەمارۆکانى سەرى بوو کە زۆر سنووردار کرابووەوە، بەڵام وا دیارى کۆمارى ئیسلامى بێ وەبەرچاوگرتنى گەمارۆ و سنوورداریەتییەکانى، دەیهەوێت سوود لە دەرفەتان وەرگرێت بۆ نیشاندانى زەبوونى خۆى و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتى ئەمریکا.

کۆبوونەوەى ئەمساڵى نەتەوە یەکگرتوەکان، سەرۆکێکى نەهاتووى تێدا تۆمار کراوە کە ئەویش بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیلە کە لە پاش هەڵبژاردنەکانى ئەم حەوتوو تێپەڕیوە، هەڵکەوتەى خۆى و حیزبەکەى، واتە لیکود، لاواز بووە و وا پێدەچێت دۆش دامابێت لە پێکهێنانى کابینەى نوێى وڵاتەکەى. هەرچەندە نەتانیاهۆ کێشەیەکى دیکەکى شەخسیشى هەیە، دادگاى ئیسرائیل بۆى دیارى کردووە کە لە چەند ڕۆژى ئایندە لێکۆڵینەوە لەسەر فایل و کەیسەکانى ئەو دەکات بۆیە دەبێت لە دادگا ئامادە بێت تا بڕیار بدرێت کە ئاخۆ ئەو دادگایی دەکرێت یان نا.

نەتانیاهۆ بۆ ڕزگاربوونى خۆى لەم دوو کێشەیە، تەنانەت چاوپۆشیشى کرد لە بینینى دۆناڵد ترامپ. نەبوونى نەتانیاهۆ لە ئەمریکا، ئەو بوارەش دەداتە دۆناڵد ترامپ تا سیاسەتەکانى خانەخوێیی خۆى بەرامبەر ئێران بە دوور لە پاڵەستۆکانى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، بەڕێوە بەرێت.

 لەم نێوەندەدا، هەرچەندە بڕاوەتەوە لەوەى کە هیچ دیدار و گفتوگۆیەک لە نێوان حەسەن ڕوحانى و دۆناڵد ترامپ بەڕێوە ناچێت، چونکە عەلى خامنەیی پێداگرى لەوە کردەوە کە ئەم چاوپێکەوتنە بە هەموو شێوەیەک قەدەغە، بەڵام پەیوەندییەکانى نێوان هەندێک لە نوێنەرانى کۆنگرە لەگەڵ جەواد زەریف درێژەى دەبێت لەوانەش دیدارى دووبارەى لەگەڵ سیناتۆر ڕەند پۆل.

ڕوحانى و زەریف لەگەڵ سەرک و وەزیرانى دەرەوەى زۆرێک لە وڵاتان بەتایبەت فەڕەنسا دیدار دەکەن. زەریف هەر کە دوێنێ هەینى گەیشتە نیۆیۆرک، دەرچوونى ئەمریکا لە بەرجامى بە "دەرەنجامى درۆکانى نەتانیاهۆ" ناو برد، گوتى "چاودێران و شرۆڤەکارانى ئەمریکى پێداگرن لەسەر ئەوەى کە دۆخى ئەمریکا بە دەرچوونى لە بەرجام نەک هەر باشتر نەبووە، بەڵکو لە دۆخێکى زۆر مەترسیداردایە".

زەریف لە نێو ڕۆژنامەنووسە ئێرانییەکان پێداگرى لەوە کردەوە کە "ئەمریکا شەڕى ئابوورى لەگەڵ ئێران کۆتایی پێ بێنێت و بگەڕێتەوە بۆ کۆمسیۆنى بەرجام". ئەندامانى کۆمسیۆنى هاوبەشى بەرجام پێشنیاریان کردووە کە ئەمریکا بە شێوەى "میوان" لە نێو دانیشتنەکان ئامادە بێت کە لە پەراوێزى کۆبوونەوەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەچن. دیار نییە کە وەڵامى ئەمریکا بۆ ئەم پێشنیارەى ئەندامانى کۆمسیۆنى بەرجام چ بووە!