بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پیلانەکەى ئێران خەریکە سەر دەگرێت

پیلانەکەى ئێران خەریکە سەر دەگرێت
گەر موقتەدا سەدر فریاى عەبادى نەکەوێت، هاوپەیمانیەتییەکەى هەڵدەوەشێتەوە
posted onAugust 18, 2018
noبۆچوون

 

ئێران ڕۆڵێکى بەرچاوى هەیە لە گفتوگۆى نێوان گرووپ و هاوپەیمانە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانى حکومەى نوێى عێراق، بەتایبەت بەرامبەر بە حەیدەر عەبادى کە لەگەڵ یەک نایێنەوە بە هۆى دژایەتکردنی ئێران و لەگەڵ کەوتنى ئەمریکا بۆ گەمارۆخۆستنە سەر کۆمارى ئیسلامى.

 

لە ڕۆژى چوارشەممەى حەوتووى ڕابردووەوە کۆبوونەوەى بەرفراوان لە نێوان فراکسیۆنە شێعەکان و شاندى کۆمارى ئیسلامى بە سەرۆکایەتى قاسم سولەیمانى و ئیرەجى مەسجدى باڵیۆزى ئێران لە بەغدا هەیە. سەرچاوەکانى نێزیک لەو کۆبوونەوەیە دووپاتیان کردووەتەوە کە پرسى یەکەم ئێرانییەکان دوورخستنەوەى حەیدەر عەبادییە لە کۆبوونەوەکان و ئەو هاوپەیمانییەتییە گەورەیەى شێعەکان کە بڕیارە پێک بێت. لەو کۆبوونەوەیەدا لاینە کوردییەکانى هەرێمى کوردستان تیایدا بەشدار بوونە بێ ئەوەى بزانرێت کێ بوون.

 

ئێستا لە نێو گرووپ و هاوپەیمانییە شێعەکان، دوو ئاراستەى سیاسى دژبەیەک دروست بووە کە هەردوو لایەن دەیانهەوێت کورد و سوونییەکان بۆ لاى خۆیان ڕابکێشن تا گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى بۆ خۆیان دروست بکەن بۆ مسۆگەرکردنى پۆستى سەرۆکوەزیرانى ئایندە.

 

پێدەچێت هەڵوێستى کۆمارى ئیسلامى لە عێراقدا، لە قسەى خودى هاوپەیمانی و گرووپە عێراقییەکان لەسەر دروستکردنى کوتلەى زۆرینەى پەرلەمانى بەهێزتر بێت. دوو گرووپەکە بەم شێوەیەن:

گرووپى یەکەم: لایەنگرانى تارانن بە سەرۆکایەتى نوورى مالیکى

گرووپى دووەم: دژە ئێرانییەکانن بە سەرۆکایەتى موقتەدا سەدر

 

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گرووپى یەکەم، ئێوارەى سێشەممەى تێپەڕیو نێزیک کەوتبوونەوە لە ڕاگەیاندنى فراکسیۆنێکى ٢٠٠ ئەندام پەرلەمانى بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق. ئەم کۆبوونەوەیە کە لە ماڵى هادى عامرى لە بەغدا و بە سەرۆکایەتى نوورى مالیکی ئەنجام دراوە، گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکى سەرەتایی، بەڵام تا یەکەم دانیشتنى پەرلەمان و دیاریکردنى پاڵێوراوى هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق و شێوەى نوێى حکومەت دوا خراوە. شایەنى باسە لەم کۆبوونەوەیدا، هەر یەک لە فالح فەیاز (سەرۆکى بزووتنەوەى عطاء) و ئاراس کەریم حەبیب (کوردە و سەرۆکى کۆنگرەى نیشتمانى عێراقییە) کە لە نێو هاوپەیمانیەتییەکەى عەبادیدان، بەشدار بوونە.

قاسم سولەیمانى ئەوڕۆ لە نەجەف بینراوە!

قاسم سولەیمانى ئەوڕۆ لە نەجەف بینراوە!

 

ەم نێوەندەدا برێت مەکگۆرک نێردەى سەرۆکى ئەمریکا بۆ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش لە عێراق، کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرکردە دیارەکانى عێراق کردووە، بەتایبەتى خەمیس خەنجەر کەسایەتى دیارى سوونەکان و ئووسامە نوجەیفى یەکێک سەرکردە سوونییەکان. مەکگۆرک لەو کۆبوونەوەیە پاڵپشتى ئەمریکاى بۆ دروستبوونى حکومەتى نوێى عێراق دەربڕیوە بەو مەرجەى بەرەنگارى گەندەڵى و تۆمەتباران ببێتەوە.

تا ئێوارەى پێنجشەممەى ڕابردوو، هەڵوەشاندنەوەى فراکسیۆنەکەى عەبادى حەتمى بوو بە ئاستێک موقتەدا سەدر هەڕەشەى لە هاوپەیمانەکانى ئێران کردووە "ئەگەر بێتو سەرکەوتوو بن لە دروستکردنى فراکسیۆنێکى ٢٦١ ئەندامى لە کۆى ٣٢٩ ئەندامى پەرلەمانى عێراق، ئەوا بەرەو ئۆپۆزسیۆنى دەچێت".

تاکتیکى هاوپەیمانەکانى ئێران لە عێراق بریتییە لە "قبوڵکردنى هەموو داواکارییەکانى کورد و سووننەکان"، دواتر دەستخەڕۆیان دەکات.

سەرچاوەیەکى سیاسى ئاشکراى کردووە کە کێشەیەکى گەورە لە نێو فراکسیۆنى نەسر دروست بووە، بەتایبەت لە نێوان عەبادى لە لایەک و فالح و ئاراس کە ئەگەرى هەڵوەشاندنەوە و دابەشبوونى فراکسیۆنەکەى عەبادى لێ دەکرێت. هۆکارى ناکۆکییەکانیش هەڵوێستى حکومەتە بەرامبەر گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا لەسەر ئێران و پاڵپشتى عەبادى لەو گەمارۆیانە.

سوونەکان کە ٥٣ کورسییان بەدەست هێناوە، بە ئێرانییەکانیان ڕاگەیاندووە "پێش ئەوەى بەشدارى لە گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى بکەن، پێویستیان بە کاتە بۆ دانووساندنى نێوخۆیی"، ئێوارەى پێنجشەممى ڕابردوو هەر یەک لە فراکسیۆنى سائیرون و نەسر و حیکمە کە بە بەرەى دژە ئێران ناسراون، خەریکى کۆبوونەوە و دانووساندن بوونە بۆ پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆن. کۆبوونەوەشیان لەگەڵ سەکردە کوردەکانى نێو پارتى دیموکراتى کوردستان ئەنجام داوە، باسى ئەوەشیان کردووە کە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتى ئەرێنى بووە.

چاودێران پێیان وایە هەردوو گرووپى شێعە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کردن، دەیانەوێت لە ڕێگەى پۆست و دەسەڵاتى زیاترەوە کورد و سوونەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن.

 

 

 لە ڕۆژنامەى العرب ـى لەندەنییەوە وەرگیراوە