بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پیلانە نوێیەکەى قاسم سولەیمانى لە بەغدا

پیلانە نوێیەکەى قاسم سولەیمانى لە بەغدا
٥٠ ملیۆن دۆلارى ئێرانییەکان بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى نوێى عێراق
posted onAugust 18, 2018
noبۆچوون


 

قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى کۆمارى ئیسلامى کە وەک سەرۆکى شاندێکى گەورەى ئێران ڕۆژى چوارشەممە ٢٤ى گەلاوێژ چووەتە بەغدا، خەریکى ڕازیکردنى سەرۆکى حزب و هاوپەیمانییە شێعەکانە بۆ ئەوەى کۆیان بکاتەوە بۆ دروستکردنى حکومەتى نوێ و حەیدەر عەبادى لە سەرۆکوەزیارنییەوە بکێشێتە خوارەوە.

 

سەرچاوەیەکى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى لە بەغداى پایتەختى عێراقەوە گوتى "قاسم سولەیمانى چاوى بە نورى مالیکى (ئەمیندارى گشتى حزبی دەعوە و یەکێک لە سەرکردەکانى فڕاکسیۆنى دەوڵەتى یاسا و سەرۆکوەزیرانى پێشوو)  کەوتووە و بڕیار وایە بۆ لابردنى حەیدەر عەبادى هاوپەیمانییەک دروست بکەن".

 

بە قسەى ئەو سەرچاوەیەى ئاڤاتودەى لە بەغدا، قاسم سولەیمانى، تارق نەجمى سەرکردەى حزبی دەعوە و فالح فەیاز ڕاوێژکارى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیی عێراقى وەک پاڵێوراو و جێگەى پەسەندى کۆمارى ئیسلامى دیارى کردووە تا ببنە جێگرەوەى حەیدەر عەبادى.

بە پێى هەواڵى هەمان سەرچاوە، قاسم سولەیمانى ٥٠ ملیۆن دۆلارى بۆ پێکهێنان و ڕێکخستنەوەى گرووپ و هاوپەیمانییە شێعەکانى عێراق خەرج کردووە بۆ ئەوەى سەرۆکوەزیرانێکى نێزیک لە کۆمارى ئیسلامى دابنێت.

 

هۆکارى پێداگرى سولەیمانى بۆ لابردنى حەیدەر عەبادى، پاڵپشتى عەبادییە بۆئەمریکا لەبارەى جێبەجێکردنى گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر کۆمارى ئیسلامى. عەبادى گوتبووى "هەرچەندە ئێمە پێمان ناخۆشە گەلێک سزا بدرێت، بەڵام لەبەر بەرژەوەندى وڵاتەکەمان لەگەڵ گەمارۆکان دەکەوین".

عێراق یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانى پارە سپیکردنەوەى کۆمارى ئیسلامى و ڕۆژانە نزیکەى ٢٥ ملیۆن دۆلار پارەى کاش لە ڕێگەى شارەکانى سلێمانى و بەسرە و سنوورى خەسرەوییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئێران.