بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى پیرۆزبایی لە کۆچەر بیرکار دەکات

تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى پیرۆزبایی لە کۆچەر بیرکار دەکات
posted onAugust 2, 2018
noبۆچوون


تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، پیرۆزبایی لە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار کرد کە نیشانەى فێڵدس ـى بیرکارى لە وڵاتى بەریتانیا پێ بەخشرا. ئەمەى خوارەوە دەقى پیرۆزبایینامەکەیە:

 

بەڕێز پڕۆفیسۆر فەریدون درەخشانى (کۆچەر بیرکار)

 

وەک تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى پیرۆزبایی سەرکەوتن و بەخشینى نیشانەى فێڵدس ـتان لێ دەکەین کە نیشانەیەکى درەوشاوە و دەستکەوتێکى مەزنە بۆ جەنابتان و بنەماڵە بەڕێزەکەتان و هەموو تاکێکى کورد لە هەر شوێنێکى دونیادا بێت.

 

بەداخەوە لە ئێرانى بن دەستى کۆمارى ئیسلامى، لاوانى دەستەبژێر و بەهرەمەند جگە لە جێهێشتنى وڵات هیچ چارەیەکى دیکەیان نەبووە و نییە و هەر ئەمەیش واى کردووە کە شەپۆلى هەڵاتنى مێشکەکان لە ئێران بەردەوام بێت و بە هەزاران زانا و کەسى لێهاتوو و بەنێوبانگ بە ڕێگەى قاچاخ خۆیان بگەیێننە وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا تا لەوێ ئامانجەکانیان بەدى بێنن. هیچ وڵاتێکى پێشکەوتوو شک نابەین کە دەیان کەسى بەنێوبانگ و زاناى کورد و ئێرانى تێدا نیشتەجێ نەبووبن کە جێگەى ڕێز و شانازى ئەو وڵاتانە و هەموو دونیان.

 

ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەدەر لەوەى پەراوێز خراوە، هەمیشە وەک ناوچەیەکى ئەمنی سەیر کراوە و ئەمەش واى کردووە کە لاوانى بەهرەمەندى کوردى ڕۆژهەڵات هەم لەبەر کوردبوون و هەم لەبەر بێ دەرەتانى و نەبوونى کار دوو جار بچەوسێنرێنەوە و لە ناچارییان کۆڵبەری بکەن کە وەک پیشە هەژمار ناکرێت. باقر ئەحمەدى، لاوى دەستەبژێر و بیرکاریزانى مەریوانى نمونەى ئەو کەسانەیە کە جگە لەوەى دوکتۆراى هەیە، خەریکى کۆڵبەرییە لە نێو سنوورەکانى ڕۆژهەڵات و باشوورى کوردستان و ئیدریس درەخشانى کە لە ساڵى ١٣٨٨ لە زانکۆى سەهەند دەرکراوە و خوێندکارى ستارەدارە، یەکێکە لە خزمەکانى کۆچەر بیرکار کە ئەویش وەک دەیان لاوى نەناسراوى دیکە قوربانى سیاسەتەکانى کۆمارى ئیسلامییە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران.

 

دووبارە پیرۆزبایی لە جەنابتان دەکەین و بە هیواى دەستکەوتى گەورەتر و بەدیهێنانى شانازى بۆ گەل و نیشتمان

 

تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى 

١١ى گەلاوێژى ١٣٩٧ى هەتاوى
٢ى ئاگۆستى ٢٠١٨ى زایینى