بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پەنەما کەشتیە نەوتییەکانى ئێرانى قەدەغە کرد

پەنەما کەشتیە نەوتییەکانى ئێرانى قەدەغە کرد
AvaToday caption
posted onFebruary 28, 2019
noبۆچوون

 

دەسەڵاتدارە دەریاییەکانى پەنەما ڕایگەیاندووە "پابەندی تەواوى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان دژى ئێران دەبن"، بەو هۆیەوەش ٥٩ کەشتى سەر بە تاران لە مافى بەکارهێنانى ئاڵاى وڵاتەکەى بێبەش کرد.

 

بە پێی ماڵپەرى (شێر ئەمەریکا ـ Share America)، ئەو هەنگاوە ڕێگرى لەئێران دەکات "کاروانى نەوتی خۆى لەکەنارە جیهانییەکان ڕادەست بکات". ئەمەش لە کاتێکدایە لە چوارى شوبات (ڕێبەندان)، خوان کارلۆس فاریلا سەرۆکى پەنەما، فەرمانێکى سەرۆکایەتى دەرکردووە بەوەى "مافی یاسایی بەدەسەڵاتدارێتى دەریایی داوە، پشکنین بۆ سەرجەم ئەو کەشتیانە بکەن، کە گومانى پاڵپشتى تیرۆریان لێدەکرێت".

بەو هۆیەوەش دەسەڵاتداریەتى دەریایی، هۆشداریی داوەتە ٥٩ کەشى ئێرانى تۆمارکراوی، بەوەى چیتر ناتوانن بەردەوام بن لە کارکردن لە کەنارەکانیان، هۆکارەکەشیان بۆ "پارەدارکردنى تیرۆر و هەڕەشەى ئاشتەوایی و ئاسایشى نێودەوڵەتى بووە لەلایەن ئەو کەشتیانەوە".

لەپاڵ ئەوەش سەرجەم کونسڵخانەکانى ئەو وڵاتە لاتینییە لە سەرتاسەرى جیهان ڕێنمایی دەرکردووە بەوەى "هیچ بەخشینێک بە کەشتییە هاتووەکانى ئێران یاخود کۆمپانیا بەستراوەکان نەدەن".

ئەوەى جێی باسە تۆمارکردنى کەشتى دەریایی لەژێر ئاڵاى پەنەما بەرزترین ڕێژەى جیهانی هەیە، بە جۆرێک سەرووى هەشت هەزار کەشتى لەسەرتاسەرى جیهان لەژێر ئاڵاى پەنەما کار دەکەن. دواى هەڵگرتنى سزاکانى ئەمەریکا بەسەر ئێران دواى ڕێککەوتنەکە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥، کۆمپانیاى نیشتیمانى ئێران بۆ کەشتییەکان سەرووى ٥٠ کەشتى لە پەنەما تۆمار کرد، بەڵام دواى کشانەوەى واشنتۆن لە ڕێککەوتننامەکە لەئایاری ٢٠١٨، دووبارە سزا سەپێنرایەوە سەر تاران.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئامارە فەرمییەکانى هەناردەکردنى نەوتی ئێران درەیخستووە "دواى جێبەجێکردنى سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا لەتشرینى دووهەم، ئاستی هەناردەکردن بەسەدا ٦٠ پاشەکشێی کردووە".

لەلایەن خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامی لەهەفتەى ڕابردوو باسى لەوە کردووە "لەگەڵ دەستپێکردنەوەى قۆناغی دووەمى سزاکان، هەناردەکردنى نەوتى وڵات بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزین". گووتیشى "ئاستى هەناردەکردنى نەوت بەرێژەى یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، و ئێستاش ڕێژەکەى لەنێوان ملیۆنێک بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ کەمترە".