بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سەرى بڕاوم لە نێو سەتڵى زبڵەکاندا دەبینى

سەرى بڕاوم لە نێو سەتڵى زبڵەکاندا دەبینى
AvaToday caption
چیرۆکى کیژۆڵەیەک کە چووە نێو داعش وپەشیمانیش نییە
posted onFebruary 27, 2019
noبۆچوون

 

شەمیمە بیگم یەکێک لەو سێ کچە خوێندکارە بوو کە لە ساڵى ٢٠١٥ى زایینى لەندەنى بە مەبەستى چوونە نێو گرووپى تیرۆریستى داعش، جێ هێشت. ئێستا کە داعش بەرەو شکستى یەکجارەکى دەچێت، ئەم کچە بووەتە ١٩ ساڵ و دەیهەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، بەڵام ئەگەرى زۆرى هەیە ڕووبەڕووى تۆمەتى تاوانکارى ببێتەوە.

 

شەمیمە بیگم، لە ڕۆژەکانى کۆتایی دووگیانبوونى خۆى لە نێو یەکێک لە ئۆردوگاکانى پەنابەرانە لە باکوورى سوریا و باسى لەوەش کردووە کە "حەزم لێیە بۆ هێنانەدونیاى منداڵەکەم بگەڕێمەوە بەریتانیا".

پارێزەرى بنەماڵەى شەمیمە گوتوویانە کە شەمیمە منداڵەکەى بووە و منداڵەکەى کوڕە، بەڵام بی.بی.سی هێشتا نەیتوانیوە ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە. شەمشمە بیگمى ١٩ ساڵە پێشتر بە ڕۆژنامەى تایمزى بەریتانیاى گوتبوو "سەرى بڕیوم لە نێو سەتڵى زبڵدا بینى، بەڵام ئەمە نەیترساندم"، ئەم قسەیە زۆر هەژێنەر بوو، بەتایبەت کە لە زمانى کیژۆڵەیەکى ٩ ساڵییەوە دەبیسترێت کە لە ١٥ ساڵى بەریتانیاى جێ هێشتووە.

شەمشمە گوتى "پەشیمان نیم کە لە ساڵى ٢٠١٥ى زایینى ژیانى بەریتانیام واز لێ هێنا و چوومە نێو داعشەوە لە سوریا.

٣ کچ

خەدیجە سوڵتانە، ئەمیرە عەباسە و شەمیمە بیگم (لە چەپەوە بۆ ڕاست) پێکەوە لە بەریتانیاوە ڕوویان کردە نێو داعش

 

لە کچە خوێندکارێکەوە تا بووکێکى جیهادى:

شەمیمە بیگم، کاتێک کە لەگەڵ دوو هاوڕێکەى و بە مەبەستى چوونە نێو داعشەوە بۆ تورکیە هەڵات، تەنیا تەمەنى ١٥ ساڵ بوو. ئەوان بە باوانیان گوتبوو پێکەوە پیاسەیەکى دەرەوەى ماڵ دەکەن، کەچى نەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە. کاتێک کە ئەم سێ کچە خوێندکارە بڕیاریان دا، ڕۆژنامە بەریتانییەکان هەموو ڕۆژێک ڕاپۆرت و هەواڵیان لە توندوتیژی و خوێنڕشتنەکانى داعش بڵاو دەکردەوە.

ساڵێک پێشتر، هەواڵى لە ملدانى دوو کۆمەککەرە بەریتانیایەکە (دەیڤید هینس و ئالێن هنینگ) لە لایەن گرووپى تیرۆریستى داعشەوە، مانشێتى یەکەمى ڕۆژنامە و بەرنامەى تەلەفزیۆنەکانى دونیا و بەریتانیا بوو.

ئەم سێ کچە لە سنوورى تورکییەوە چوونە نێو سوریا و کەمێک دواتر لە ماڵێک دانران. شەمیمە بیگم بە ڕۆژنامەى تایمزى گوتووى "ئەوان گومانیان لێمان هەبوو و وایان دەزانى کە سیخووڕین". سێ حەوتوو دواتر شەمیمە شووى کرد و چووە ڕەقە پایتەختى ئەوکاتى گرووپى تیرۆریستى داعش.

 

"بەڕاستى دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ بەریتانیا"

شەمیمە بیگم لەمەڕ ژیانى خۆى لە ڕەقە بە تایمزى گوتووە "ژیانێکى ئاسایی بوو، هەر وەک ئەو شتەى کە لە ڤیدیۆ پڕوپاگندەیی و ڕێکلامییەکاندا نیشان دەدرێت، ژیانێکى سادە. جار جارەش بۆمبێک دەتەقییەوە، بەڵام جگە لەوە..."

ئەمە هەر یەکێک لەو بۆمیانەیە کە بووە هۆى کوژرانى خەدیجە سوڵتانە. خەدیجە یەکێک لەو دوو کچە بوو کە لەگەڵ شەمیمە بیگم لە لەندەن ڕایان کرد: "بۆمبیان هاویشتە نێو ماڵەکەى. لە ژێرزەوى ماڵەکەدا خەریکى ئۆپەراسیۆنێکى نهێنى بوون، کە بەمەیان زانى، بۆمبیان هەڵدایە نێو ماڵەکەى و چەند کەسێکى دیکەیش کوژران".

یەکێک لە پارێزەرەکانى بنەماڵەى خەدیحە ساڵى ٢٠١٦ گوتى، هەموو وا دەزانن ئەو لە هێرشى ئاسمانى ڕوسیە کوژراوە. شەمیمە بیگم لەمەڕ مەرگى هاوڕێ کچەکەى دەڵێت: "هەرگیز بیرم لە ڕوودانى وەها کارەساتێک نەدەکردەوە. سەرەتا تەنانەت نەمدەتوانى قبوڵى بکەم. چونکە وامدەزانى ئەگەر بڕیار بوایە کە بکوژرێن، هەموو پێکەوە دەکوژرێین، نەوەک جیاواز"، چارەنووسى ئەمیرە عەباسە، هاوڕێکەى دیکەى شەمیمە بیگم هێشتا دیار نییە.

لە کاتى مەرگى خەدیجەوە، شەمیمە دوو جار منداڵى بووە و هەردووکى لەدەست داوە. ئەو ئێستا بۆ سێیەمین جار دووگیانە و زۆرى بۆ منداڵبوونەکەى نەماوە: "ئێستا تەواو ئاگادارى منداڵەکەمم. دەترسم ئەمەشیان لە نێو ئەم ئۆردووگایە نەخۆش بکەوێت. هەر بۆیە دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ بەریتانیا، چونکە دەمەوێت چاودێریى تەندرووستیم بکرێت بۆ سەلامەتى منداڵەکەم".

 

"پەشیمان نیم"

مەرگى خەدیجە، لە دەستدانى دوو منداڵ و کوژرانى دەیان هەزار کەس بە دەستى داعش، بووەتە هۆى ئەوەى شەمیمە لەبارەى ئایندەى خەلافەتى ئەم گرووپەوە بکەوێتە گومانەوە: "هیوایەکى زۆرم نەماوە. ئەوان هەتا دێت بچووکتر و بچووکتر دەبنەوە. زوڵم و گەندەڵى لە نێویاندا هێندە زیادى کردووە کە وانازانم شیاوى سەرکەوتن بن".

بەڵام شەمیمە لە وەڵامى ئەم پرسیارەى کە ئاخۆر ئارەزووى دەخواست نەچووبایە سوریە، گوتى: "نا، لە کارەکەم پەشیمان نیم". سکاڵا و گلەیی سەرەکى شەمیمە لە داعش، شێوازى ڕەفتاریانە لەگەڵ خەڵکانێک کە بە گوتەى ئەو موسڵمان بوون: "دەبێت بیرت بێت بڕواى ئەم گرووپە (گرووپى داعش) ئەوەیە کە ناموسڵمانەکان دەبێت بکوژرێن و لەگەڵ موسڵمانەکان بە جوانى ڕەفتار بکرێت. مێردەکەم دەیگوت کاتێک زیندانى بووە، لەگەڵ هەندێکیان بە شێوەیەکى هێندە خراپ مامەڵەیان کردووە کە ئامادە بوون ددان بەوەشدا نێن کە سیخوڕ بوونە تا بکوژرێن. کەوایە داعش لە ڕاستیشدا موسڵمانەکانیشى دەکوشت".

شەمیمە بۆ کوژرانى ئەوانەى کە بە پێى پێوەرەکانى داعش موسڵمان نەبوون، بە هیچ شێوەیەک دڵگران و غەمبار نەبووە و نییە.

 

هێرشى تیرۆریستى:

شەمشمە گوتبووى کە پەشیمان نییە و ئەمە بۆ ئەو کە لە ئۆدروگایەکى پەنابەران لە باکورى سوریە دەستبەسەرە، بەو مانایەیە کە شانسێکى زۆرى بۆ گەڕانەوە بۆ بەریتانیا نییە.

بن ڤاڵاس، وەزیرى ئەمنیەتى بەریتانیا لە ڕادیۆ ٤ى بی.بی.سی گوتووە: "من بۆ بەدووکەوتنى تیرۆریستەکان و یا کەسانێک کە پێشتر تیرۆریست بوونە و ئێستا ناکام ماونەتەوە، ئامادە نیم ژیانى خەڵکى بەریتانیا بخەمە مەترسییەوە. خزمەتگوزارى کونسوڵى لە شوێنەکانى ناوچەکە هەیە، بەڵام دەوڵەتەکەى ئێمە چەندین ساڵ بە هێزەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕەفتارە کاردانەوەى بەرامبەر نیشان دەدرێت."

بەم شێوەیە تەنانەت ئەگەر شەمیمە بشتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، دووبارە لە ڕووى یاساییەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.

بەڕێز ڤاڵاس گوتى: "ئەگەر بە پێچەوانەى ڕێنماییەکانى وەزارەتى کاروبارى دەرەوە، تەنانەت بۆ پاڵپشتیکردنیش لە چالاکى تیرۆریستەکان لە بەریتانیا چووبیتە دەرەوە، لە کاتى گەڕانەوە دەبێت ئامادە بیت کە بکەویتە بەردەم لێپرسینەوە و لێپێچینەوەى تاوانى کردەوەى تیرۆریستى."

 

مافى هاووڵاتیبوون و تۆمەتى پاڵپشتى تیرۆریستى:

دۆمینیک کاسیانى، هەواڵنێرى بی.بی.سی بۆ ماروبارى نێوخۆیی بەریتانیا دەڵێت، بووکە جیهادییە بەریتانییەکان، پێشتریش خراونەتە بەردەم لێپێچینەوەى یاساییەوە.

تارینا شکیل توانى لەگەڵ کوڕەکەى لە ناوچە شەڕاوییەکانەوە ڕا بکات و لە کاتى گەڕانەوەى بۆ بەریتانیا، درۆى لەگەڵ سازمانى ئەمنیەتى بەریتانیا کرد و بە تاوانى ئەندامبوون لە گرووپى تیرۆریستى کەوتە زیندانەوە. ئەگەر شەمیمە بتوانێت لە سوریە بێتە دەرەوە، ئەگەرى زۆرى هەیە ڕووبەڕووى هەمان تۆمەت ببێتەوە، هەڵبەت دەشبێت تۆمەتى پاڵپشتى و کارکردن لەسەر تیرۆریزمیشى پێوە زیاد بکەیت.

گۆردون کۆررا، هەواڵنێرى بی.بی.سی بۆ کاروبارى ئەمنیەتى دەڵێت، لەوەوە کە شەمیمە دوو پاسپۆرتى نییە (واتە ڕەگەزنامەى دوو وڵاتى نییە) و تەنیا ڕەگەزنامەى بەریتانیاى هەیە، مافى گەڕانەوەى بۆ ئەم وڵاتەى هەیە. کەس ناتوانێت ڕەگەزنامەکەى بەریتانیا لە شەمیمە وەربگرێتەوە و بێناسنامەى بکات.

 

 

 

سەرچاوە:

بی.بی.سی