دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرگریی لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ڕێژیمی ئێران کرد و هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر کۆماری ئیسلامی ڕانەگیرێت، ناوچەکە ڕەنگە بۆ ململانێیەکی فراوانتر ڕابکێشرێت.
دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست سەبارەت بەو دوو سەربازە ئەمەریکاییەی لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیدا کوژراون، وتی "جێگەی داخە" بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی ئەمەریکا هێشتا گرنگە.
دۆناڵد ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا نزیکەی کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی دوایین ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی وتی "ئەوان گیانیان لە دەست دا، چونکە نەیاندەویست ببینن ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و نەیاندەویست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوبچێت."
جەختیشی لەوە کردەوە "ئەمە تەنها ئەوە نیشان دەدات کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چەندە خراپ و مەترسیدارن."