هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران و چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ هاونیشتمانی کوردیان دەستبەسەر کردووە، کە یەکێکیان زیندانییەکی سیاسیی پێشووە و بە توندوتیژی براوەتە شوێنێکی نادیار.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی دووشەممە 24ـی فێوریە، ئەحمەد تموئی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و خەڵکی سەڵماس، لە تاران بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە. لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەک بە ناوی سەباح کەریمی لە شارۆچکەی مەڵگشای سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراوە. هەروەها ڕۆژی سێشەممە، زانیار عەباسی لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستگیر کرا و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم سێ هاووڵاتییە کراون لەبەردەستدا نییە و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە. ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی گوشارە ئەمنییەکان بوونەتەوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەو بارەیەوە نەداوە.