ڕەزا پەهلەوی، شازادەی پێشووی ئێران، لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر ڕاگەیاندنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"، ئەو لایەنانەی بە "کۆمەڵێک گرووپی جوداخواز" ناوبرد کە بانگەشەی "بێبنەما و پووچ" دەربارەی یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکەن.
پەهلەوی لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بنەمایەکی "نەگۆڕە" و هۆشداری دا کە ئەم پرسە "هێڵی سوورە". گوتیشی: "لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێران نە لەگەڵ کەس دانوستان دەکەین و نە یەک تۆزقاڵیش لێی پاشەکشە دەکەین." ناوبراو هەڕەشەی ئەوەشی کرد، هەر کەس و لایەنێک لەو هێڵە تێپەڕێت، لەگەڵ وەڵامێکی "لێبڕاوانەی"ـی گەلی ئێران ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە، پێنج حیزبی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حدکا، پاک، پژاک، خەبات و کۆمەڵە) هاوپەیمانییەکیان بۆ یەکخستنی خەباتی سیاسی و مەیدانی دژی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.
لە بەرامبەردا، عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، لە لێدوانێکدا وەڵامی ئەو جۆرە هەڵوێستانەی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە تەنیا دەبێتە هۆی "رووڕەشی" بۆ کارنامەی سیاسیی خاوەنەکانیان.