پێنج حیزبی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەنگاوێکی سیاسیی نوێدا بۆ یەکخستنی گوتاری کورد و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان، هاوپەیمانییەکیان لەژێر ناوی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" واژۆ کرد.
هاوپەیمانییەکە لە هەر پێنج لایەنی: حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکهاتووە. ئەم هێزانە ڕایانگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکییان خەباتە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی، سیکۆلار و فیدراڵ، کە تێیدا مافی چارەنووسی گەلی کورد دەستەبەر بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکەدا هاتووە، ئەم لایەنانە لەمەودوا لە ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیدا بە یەک گوتار کار دەکەن و هەوڵ بۆ ڕاکێشانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد دەدەن. هاوکات جەختیان لەسەر بەشداریی کارای ژنان لە پرۆسەی سیاسی، پاراستنی ژینگە و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کردووەتەوە.
ئەم هێزانە ئامادەیی خۆیان بۆ دیالۆگ لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە پێشکەوتنخوازەکانی دیکەی ئێران نیشانداوە، بەو مەرجەی دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورددا بنێن و دژی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بن. ئەم هاوپەیمانییە لە کاتێکدا ڕادەگەیێندرێت کە کوردستان لە چوار دەیەی ڕابردوودا ناوەندی سەرەکیی خۆڕاگری بووە دژی تاران و تێچوویەکی زۆری لەو پێناوەدا داوە.