بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جەعفەر پەناهی داوای هەڵوەشاندنەوەی رێوڕەسمی خەڵاتەکەی لە بەرلین دەکات

جەعفەر پەناهی داوای هەڵوەشاندنەوەی رێوڕەسمی خەڵاتەکەی لە بەرلین دەکات
posted onFebruary 19, 2026
noبۆچوون

دەرهێنەری ناوداری ئێرانی، جەعفەر پەناهی، داوای لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین کرد رێوڕەسمی پێدانی خەڵاتی "ورچی زێڕین" کە لە ساڵی ٢٠١٥ بە غیابی پێی بەخشرابوو، هەڵوەشێنێتەوە. پەناهی جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارەی وەک ڕێزێکە بۆ قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران.

پەناهی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەرلین گوتی: "ئێستا لە ئێران هیچ کەس پرسیاری ئەوە لەوی دیکە ناکات کە ئایا حاڵت باشە؟ چونکە کەس حاڵی باش نییە." ناوبراو سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی بە "کۆمەڵکوژی" و خوێناویترین سەرکوت لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ وەسف کرد.

ئەم دەرهێنەرە، کە فیلمە نوێیەکەی بە ناوی "رووداوێکی ساکار" بەربژێری دوو خەڵاتی ئۆسکارە، ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتداران رێگە بە خەڵک نادەن بۆ کوژراوەکانیان شینگێڕی بکەن، بۆیە خەڵک وەک شێوازێکی نوێی بەرگری، لەسەر مەزاری ئازیزانیان موزیک لێدەدەن و هەڵدەپەڕن.

جەعفەر پەناهی کە دوای ١٥ ساڵ قەدەغەی گەشتکردن، ئەمساڵ توانی لە فێستیڤاڵی کان بەشداری بکات و خەڵاتی "نەخلی زێڕین" بباتەوە، لە ئێران سزای زیندانیکردنی بە تۆمەتی "چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی" بەسەردا سەپێنراوە.

سەرەڕای ئەو مەترسییانە، ناوبراو رایگەیاند کە دوای بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ئۆسکار، دەگەڕێتەوە بۆ تاران.