دانمارک رایگەیاند، کەشتییەکی کانتینەرهەڵگریان لە گەرووی (کاتێگات) لە باکووری وڵاتەکەیان راگرتووە، ئەوەش بەهۆی بوونی کێشە لە تۆمارکردنی یاسایی و ناسنامەی کەشتییەکە.
فەرمانگەی دەریاوانیی دانمارک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەشتییە کە لە شاری سانت پترسبۆرگی رووسیاوە بەرەو میسر بەڕێکەوتبوو، لەلایەن تیمەکانیانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
هۆکاری سەرەکیی راگرتنەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەشتییەکە ئیدیعای کردووە لەژێر ئاڵای وڵاتی (کۆمۆرۆس)دا دەڕوات، بەڵام بەرپرسانی کۆمۆرۆس بە فەرمی دانمارکیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو کەشتییە لە لیستی تۆمارەکانی ئەواندا بوونی نییە.
کەشتییەکە بەشێکە لەو کەشتیگەلە ئێرانییەی کە بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن لەلایەن محەممەدحوسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت.
تۆمارەکان نیشانی دەدەن کە ئەم کەشتییە تەنیا لە ساڵی رابردوودا 10 جار بە ئاوەکانی دانمارکدا تێپەڕیوە. فەرمانگەی دەریاوانیی دانمارک جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە کاتێکی گونجاودا پشکنینی ورد بۆ کەشتییەکە ئەنجام دەدەن.