بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

خێزانێکی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەستی عەرەب کۆمەڵکوژ کراون

خێزانێکی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەستی عەرەب کۆمەڵکوژ کراون
posted onJanuary 25, 2026
noبۆچوون

ڕێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، وردەکاریی تاوانێکی دڕندانە و کۆمەڵکوژیی خێزانێکی کورد ئاشکرا دەکات، کە تێیدا لە کۆی 12 ئەندامی خێزانەکە، شەش کەسیان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کوژراون و شەشەکەی دیکەشیان بە برینداری لە چۆڵەوانییەکاندا جێهێڵدراون.

بەپێی ڕاپۆرت و گرتە ڤیدیۆییەکانی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، ڕووداوەکە لە 18ـی ئەم مانگەدا ڕوویداوە. خێزانێکی کورد بە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە شاری ڕەققەوە بەرەو حەسەکە بەڕێدەکەون، بەڵام لە نزیک گوندی (ئەبو خەشەب)، دەکەونە بۆسەی گرووپێکی چەکداریی سەر بە سوپای سووریا.

بەپێی بەڵگەنامەکان، کاتێک چەکدارەکان دەزانن خێزانەکە کوردن، بڕیاری کۆتاییهێنان بە ژیانیان دەدەن. سەرکردەی گرووپە چەکدارییەکە بە ڕوویاندا دەخوڕێنێت و دەڵێت: "تەواو، ئێستا کۆتایی بە هەمووتان دەهێنم!"

چەکدارەکان سەرەتا (محەممەد ئیسماعیل)ـی باوکی خێزانەکە و پاشان (سارا شاهین)ـی دایکیان بە دەستبەستراوی دەکوژن. دواتر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستڕێژی گولە لە ئەندامانی دیکەی خێزانەکە دەکەن، کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەسی دیکە، کە دووانیان منداڵن.

دڕندەیی چەکدارەکان لێرەدا نەوەستاوە؛ بە چەقۆ سکی (لەیلا)ـی تەمەن 17 ساڵیان هەڵدڕیوە و پێستی دەموچاویان کێشاوە، هەروەها چاوی ڕاستی (مەحموود)ـیان دەرهێناوە و لۆگۆی "ئاسایش"یان لەسەر سنگی هەڵکۆڵیوە.

شەش ئەندامی دیکەی خێزانەکە، کە هەموویان متمانەیان بە ڕزگاربوون نەمابوو، بە برینداری لە دەشتاییەکانی دێرەزوور فڕێدراون. دواتر خێزانێک دەیاندۆزنەوە و دەینابەن بۆ نەخۆشخانەی دێرەزوور، لەبری چارەسەر و هاوسۆزی، ڕووبەڕووی سوکایەتی بوونەتەوە. پزیشکێکی نەخۆشخانەکە لەبری ئەنجامدانی ئەرکی مرۆیی خۆی، پێی گوتوون: "دەبوو ئێوەش کوژرابان و نەهێندرابان بۆ ئێرە."

تاوەکو ئێستا تەرمی کوژراوەکانی ئەو خێزانە لە ساردکەرەوەکانی نەخۆشخانەی دێرەزووردا ماونەتەوە و ڕێگری دەکرێت لەوەی بە خاک بسپێردرێن، ئەمەش وەک بەشێک لەو ستەمە بەردەوامەی لەو خێزانە دەکرێت.