هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستیان بە کۆکردنەوەی ڕێکخراوی ئامێرەکانی وەرگرتنی مانگی دەستکرد (سەتەلایت) کردووە؛ ئەمەش لە هەوڵێکی نوێی تاراندا بۆ توندکردنەوەی گەمارۆی میدیایی و بڕینی پەیوەندیی هاووڵاتییان لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە سەرکوتکەرەکان و پۆلیس لە شاری قەسری شیرین، بە شێوەیەکی مەیدانی ڕوویان لە گەڕەکە جیاجیاکان کردووە و دەستیان بە کۆکردنەوەی دیشی سەتەلایتی ماڵان کردووە. شایەتحاڵان دەڵێن پڕۆسەکە بە شێوەیەکی توندوتۆڵ و لەژێر چاودێریی دامەزراوە ئەمنییەکاندا بەڕێوە دەچێت.
ئەم هەڵمەتە تەنیا قەسری شیرینی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە شارەکانی کرماشان، سەردەشت، بانە و سنە و شارەکانی دیکەش هەنگاوی هاوشێوە نراوە و پڕۆسەکە بۆ چەند شارێکی دیکەی ناوچەکە تەشەنەی کردووە.
ئەم هەڵمەتە نوێیەی حکومەت لە کاتێکدایە کە ئێران لە نێو توندترین پچڕانی ئینتەرنێتدایە و فشاری سەر ئازادیی زانیاری لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئەوپەڕی. چاودێرانی سیاسی دەڵێن کۆکردنەوەی ئامێرەکانی سەتەلایت، تەواکەری ستراتیژیی حکومەتە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گێڕانەوەی ڕووداوەکان و ڕێگریکردن لە گەیشتنی هەر زانیارییەک کە لەگەڵ گوتاری فەرمیی دەسەڵاتدا ناتەبا بێت.