بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەرپرسانی ئەورووپا پشتیوانیی خۆپێشاندەرانی ئێران دەکەن و سەرکۆنەی سەرکوتکارییەکان دەکەن

بەرپرسانی ئەورووپا پشتیوانیی خۆپێشاندەرانی ئێران دەکەن و سەرکۆنەی سەرکوتکارییەکان دەکەن
posted onJanuary 9, 2026
noبۆچوون

بەرپرسانی باڵای یەکیەتیی ئەورووپا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران دەربڕی و بە تووندی سەرکۆنەی بەکارهێنانی توندوتیژی و بڕینی ئینتەرنێت دەکەن. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، گەلی ئێران بۆ داهاتووی خۆیان دەجەنگن و نادیدەگرتنی داواکارییە ڕەواکانیان "ڕاستیی ڕژێمەکە ئاشکرا دەکات."
کالاس ئاماژەی بەوە کرد، بڕینی ئینتەرنێت هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی خەڵک، نیشانەی "ترسی حکوومەتە لە گەلەکەی خۆی." هاوکات ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، ئازایەتیی خۆپێشاندەرانی بە "ئیلهامبەخش بۆ نەوەکان" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە جیهان گوێبیستی هاواری ئازادیخوازیی گەلی ئێران بووە.

بیاتە ماینڵ-رایزینگەر، وەزیری دەرەوەی نەمسا، وێڕای سەرکۆنەکردنی توندوتیژییەکان، تارانى وەبیر هێنایەوە کە وەک ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت پابەندی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بێت. هەروەها ئۆڵف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و بارت دی وور، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، ڕایانگەیاند کە سەرکوتکردنی داواکارییە بەرحەقەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن سەرکەوتوو نابێت و "بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی بە توندوتیژی، ناپەسندە."

لەلایەکی دیکەوە، یۆهان وادفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بەکارهێنانی توندوتیژیی لەڕادەبەدەری دژی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز سەرکۆنە کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد پابەندی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان بن. ئەم کاردانەوانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان و توندتربوونی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەکەن.