لە درێژەی کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دژی ناڕەزایەتییەکان، لە ماوەی دوو رۆژدا 26 هاووڵاتی لە شارەکانی کرماشان، هەرسین و سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کران. لە نێو دەستگیرکراوەکاندا مێرمنداڵێکی 17 ساڵان و چالاکوانێکی مافەکانی ژنان هەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە، لە رۆژانی (21 و 22ی بەفرانباری 1404)، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای کرماشان هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە و دەستگیرکراوەکانیان بۆ شوێنی نادیار گواستووەتەوە.
دابەشبوونی دەستگیرکراوەکان بەپێی شارەکان:
کرماشان (11 کەس): چوار لە دەستگیرکراوەکان ناسنامەیان روونە کە بریتین لە: یوونس جەمشیدی، میلاد شیرازی، نەوید رۆستەمی و مەهسا زارعی. مەهسا زارعی کە چالاکوانێکی مەدەنی و فەرهەنگییە، تەمەنی 33 ساڵە و پێشتریش لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا دەستبەسەر کرابوو. هاوکات میدیا حکومییەکانی ئێران دەستگیرکردنی 7 کەسی دیکەیان لە کرماشان راگەیاندووە و بە "سەر بە ئۆپۆزیسیۆن" وەسفیان کردوون، بەڵام ناسنامەیانیان ئاشکرا نەکردووە.
هەرسین (8 کەس): لەو شارە 8 هاووڵاتی دەستبەسەر کراون، لە نێویاندا مێرمنداڵێکی 17 ساڵان بە ناوی محەممەدمەهدی کەرەمی هەیە. هەروەها رەحمان ئازەرەنگ، سەجاد کاکایی، شاپوور رەشیدی، مەهدی باڵی، زاهید ئەفشاری، یووسفی کاکاوەند و نوورەدین مووسازادە دەستگیرکراون.
سەرپێڵی زەهاو (7 کەس): لە ناوچەی "چوارڕیانی میرئەحمەد"، حەوت هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە بریتین لە: مەهدی کەریمی، جەبار جەمشیدی، قایم بەدری، مەسعوود ئاقایی، ئەحەد مورادی، ئەسفەندیار سەروەری و عەسکەر نەجەفی.
دۆخی یاسایی دەستگیرکراوەکان
بەپێی راپۆرتەکان، زۆربەی ئەم کەسانە بەبێ بڕیاری یاسایی و لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر کراون. لە سیستەمی دادوەریی ئێراندا، دەستگیرکراوە سیاسییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە مافی هەبوونی پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزان و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش دەکرێن.