ڕۆژی هەینی لە ملەی ژاڵانە لەسەر رێگەی سەوڵاوا - هەورامان، هەرەسێکی گەورەی بەفر ئۆتۆمبێلێکی جۆری پاترۆڵی لەژێر خۆیدا نوقم کرد؛ تیمەکانی رێگەوبان توانییان سەرنشینەکان بە زیندوویی لەژێر بەفرەکە دەربهێنن.
سەرۆکی فەرمانگەی رێگەوبانی سەوڵاوا رایگەیاند، دوای رووداوەکە تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنیان دەستپێکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد سەرنشینەکان بە تەواوی لەژێر بەفرەکەدا مابوونەوە، بەڵام بە هەوڵی تیمەکان بێ زیانی گیانی رزگارکران.
بەگوتەی سەرۆکی فەرمانگەی رێگەوبانی سەوڵاوا، بەهۆی مەترسیی دووبارەبوونەوەی هەرەسی بەفر و بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، ملەی ژاڵانە تاوەکو کاتێکی نادیار بە رووی هاتوچۆدا داخرا.
بەرپرسانی ناوچەکە داوا لە شۆفێران دەکەن لە کاتی ئێستادا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، ئەو رێگایە بەکارنەهێنن و خۆیان لە هاتووچۆی ناپێویست بەو رێگەیەدا بپارێزن.
ملەی ژاڵانە یەکێکە لە ناوچە هەرە سەخت و بەفرگرەکانی نێوان سەوڵاوا و هەورامانی تەخت لە پارێزگای سنە، کە ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەهۆی هەرەسی بەفرەوە مەترسی بۆ سەر شۆفێران دروست دەکات.