لە شەشەمین رۆژی خۆپێشاندانەکان لە ئێران، ناڕەزایەتییەکان شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە و چەند گەڕەکێکی تارانی گرتەوە. رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژمارەیەک لە کوژراوانی رۆژانی رابردوو گۆڕدرا بۆ گردبوونەوەی جەماوەری و بەرپرسانی ئەمنیش هەڕەشەی "کۆتاییهاتنی دانبەخۆداگرتن" دەکەن.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی رۆژی هەینی بڵاوکراونەتەوە، شارەکانی قوم، مەشهەد، قەزوین، هەمەدان، بروجێرد، ئەسفەهان و چەند گەڕەکێکی تاران وەک تارانپارس و نارمەک، شایەدی خۆپێشاندان و دروشمی دژ بە دەسەڵات بوون. لە هەندێک ناوچە دەنگی تەقە بیستراوە و هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان دژ بە بەشداربووان بەکارهێناوە.
بەخاکسپاردنی کوژراوان و رەتکردنەوەی گێڕانەوەی فەرمی
لە شاری کویەشت لە پارێزگای لوڕستان، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەمیرحیسام خودایاری فەرد، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ کە لە خۆپێشاندانەکاندا کوژرا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەڕێوەچوو.
لەکاتێکدا سوپای ئەبولفەزڵی لوڕستان لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو گەنجە "بەسیج" بووە و وەک "شەهیدی ئەمنییەت" ناوی بردبوو، بەڵام باوکی لە کاتی بەخاکسپاردنی کوڕەکەیدا لە نێو ئاپۆرای خەڵکدا رایگەیاند: "ئەمیرحیسام بەسیج نەبووە و تێکدەریش نەبووە." بەپێی ڤیدیۆکان، لە کاتی رێوڕەسمەکەدا گرژی دروست بووە و خەڵک دروشمیان دژ بە دەسەڵاتدارانی ئێران گوتووەتەوە.
هاوکات لە شاری مەروودەشت لە پارێزگای فارس، تەرمی خوداداد شیروانی و لە فوولادشەهری ئەسفەهانیش تەرمی داریوش ئەنساری بەخاکسپێردران، کە هەردووکیان لە رۆژانی رابردوودا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدابوو.
هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری
لە کاردانەوەی بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکاندا، بەرپرسانی دادوەری و پۆلیسی پارێزگای لوڕستان هۆشدارییان دا و رایانگەیاند "سەردەمی چاوپۆشیکردن" کۆتایی هاتووە. فەرماندەی پۆلیس و داواکاری گشتیی لوڕستان لە دوو بەیاننامەی جیادا رایانگەیاند، لەمەودوا هەر جۆرە گردبوونەوە و جووڵەیەکی "دەرەوەی یاسا" بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە و رووبەڕووی "ئاژاوەگێڕان" دەبنەوە.
لوڕستان لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێک بووە لەو ناوچانەی تووندترین پێکدادانی تێدا روویداوە و ئاستی ناڕەزایەتییەکان تێیدا بەرز بووە.