بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مەترسیی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسی لە ورمێ؛ کەسوکاری مێحراب عەبدوڵڵازادە داوای بەهاناوەچوون دەکات

مەترسیی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسی لە ورمێ؛ کەسوکاری مێحراب عەبدوڵڵازادە داوای بەهاناوەچوون دەکات
posted onDecember 26, 2025
noبۆچوون

دیوانی باڵای دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی مێحراب عەبدوڵڵازادە، یەکێک لە دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ی پەسند کرد و بە گوتەی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ناوبراو لەژێر مەترسیی "جێبەجێکردنی دەستبەجێی" سزاکەدایە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ئاژانسی کوردپا، ڕ27ی سەرماوەز لقی 9ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ، پەسندکردنی سزای لەسێدارەدانی مێحراب عەبدوڵڵازادەی لە لایەن لقی 9ی دیوانی باڵای دادوەری وڵاتەوە بە فەرمی بەو بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیاندووە.
دایک، باوک و برای مێحراب عەبدوڵڵازادە لە دوو پەیامی ڤیدیۆیی جیاوازدا پێداگری لەسەر پێداگری کوڕەکەیان دەکەنەوە و داوایان لە هەموو لایەنگران و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەن بەهانای کوڕەکەیانەوە بچن و رێگە نەدەن لە سێدارە بدرێت.

داواکاریی لێبووردن و مەترسیی جێبەجێکردنی سزا
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ڕاگەیاندووە، دادوەری جێبەجێکردنی سزاکان داوای لە عەبدوڵڵازادە کردووە نامەی "داواکاریی لێبووردن و بەخشین" واژۆ بکات. ئەم هەنگاوە لە ناوەندە دادوەرییەکانی ئێراندا وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی کاتی لەسێدارەدان دادەنرێت؛ هاوشێوەی ئەو ڕێکارەی کە هەفتەی ڕابردوو بۆ "عەقیل کشاوەرز"، خوێندکاری ئەهلی ئەسفەهان جێبەجێ کرا و دواتر لە گرتووخانەی ورمێ لەسێدارە درا.

تۆمەت و پاشخانی دۆسیەکە
میهراب عەبدوڵڵازادە، تەمەن 28 ساڵ و پیشەی سەرتاش بووە. ساڵی 2022 و لە کاتی خۆپێشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شوێنی کارەکەی دەستگیر کرا. دادگای شۆڕشی ورمێ تۆمەتی "ئەفساد فی‌ ئەرزی" لە ڕێگەی "بەشداریکردن لە کوشتنی ئەنقەست"ی عەبباس فاتمیە، ئەندامێکی بەسیجی خستووەتە پاڵی. سپای پاسداران دەڵێت ئەو ئەندامەیان بە لێدانی "شیشی ئاسن و بەرد" کوژراوە.

گومانی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ
خێزانی عەبدوڵڵازادە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بێتاوانیی کوڕەکەیان ڕاگەیاند و داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی دۆسیەکەیان کرد. عەلی عەبدوڵڵازادە، برای مێحراب، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ڕاپۆرتی پزیشکیی دادوەریدا هاتووە کە لە جەستەی بەسیجە کوژراوەکەدا "ساچمەی هێزە ئەمنییەکان" هەبووە، نەک تەنیا شوێنەواری لێدان.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، میهراب بۆ ماوەی 38 ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی هەواڵگریی سپای پاسداران لەژێر "ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا" بووە و بەهۆی هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەندامانی خێزانەکەی و دەستگیرکردنی کچە هاوڕێکەی، ناچار کراوە دان بە سیناریۆی لێکۆڵەرەواندا بنێت، لەکاتێکدا لە گرتە ڤیدیۆییەکانی شوێنی ڕووداوەکەدا، ناوبراو بەدی ناکرێت.

کەمپەینی ڕاگرتنی سزا
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ (کوردپا، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هێرانا) هۆشداری دەدەن کە دۆسیەکە 60 تۆمەتباری هەیە و پڕۆسەی دادگاییکردنی مێحراب "ناڕوون و نادادپەروەرانە" بووە، چونکە دادگا ڕەزامەندیی نیشان نەداوە لەسەر پشکنینی شوێنی جوگرافیی تەلەفۆنەکەی (LBS) کە دەیسەلماند لە کاتی ڕووداوەکەدا لەوێ نەبووە. ئێستا ئەم بەندکراوە لە بەندی سیاسیی گرتووخانەی ورمێدایە و خێزانەکەی داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی سزاکەی دەکەن.