
ڕۆژی دووشەممە، چالاکوانێکی مەدەنیی کورد بە ناوی کامەران ساختمانگەر لە دادگایەکی شاری سنە لە ئێران دادگایی کرا بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندە دژی سیستەم"، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دادگاییکردنی ١٠ چالاکوانی بواری مامۆستایان لە دۆسیەیەکی جیادا.
تۆمەتەکەی دژی ساختمانگەر پەیوەستە بە بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانی هاشتاگی #دژی_سێدارە وەک دەربرینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان. دانیشتنی دادگاکە لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو.
خودی ساختمانگەر لە پۆستێکدا لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی ڕایگەیاندووە کە لە دادگادا "بە ڕاشکاوی بەرگریی لە هەڵوێستەکانی خۆی کردووە" و دژایەتیی خۆی بۆ سزای لەسێدارەدان "بە پشت بەستن بە بەڵگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی" شیکردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات لەگەڵ دادگاییکردنی ساختمانگەر، لانیکەم ١٠ مامۆستا و چالاکوانی سەندیکایی لە لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" دادگایی کراون.
ناوی ئەو مامۆستایانەی کە ڕێکخراوەکە ئاماژەی پێداون بریتین لە: محمدرضا مرادی، موختار ئەسەدی، سەید غیاس نیعمەتی، ڕەزا تەهماسبی، مەجید کەریمی، سەڵاح حاجی میرزایی، شەهریار نادری، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی و بەهزاد قەوامی.
بە وتەی ساختمانگەر، دانیشتنی دادگاکەی کاتژمێر ١١:٣٠ی بەیانی کۆتایی هاتووە و بڕیارە حوکمی کۆتایی لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا دەربچێت و پێی ڕابگەیەنرێت.