بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دادستانیی تاران فەرمانی دەسبەسەرکردنی ئەو کەسایەتییە ناودارانەی دەرکردبوو کە لە شۆڕشی ژینادا پشتیوانییان لە خەڵک کردووە

دادستانیی تاران فەرمانی دەسبەسەرکردنی ئەو کەسایەتییە ناودارانەی دەرکردبوو کە لە شۆڕشی ژینادا پشتیوانییان لە خەڵک کردووە
ڕەسمێک له سەرهەڵدانی گەلانی ئێران له ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی
posted onFebruary 27, 2024
noبۆچوون

گرووپی هاکێریی "عیداڵەتی عەلی" وێنەی بەڵگەیەکی بڵاو کردووەتە کە تێیدا فەرمانی دەسبەسەرکردنی ئەو کەسایەتییە ناودارانە دراوە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا پشتیوانییان لە خەڵکی ناڕازی کردووە.

ڕۆژی دوشەممە ٧ی ڕەشەمە، گرووپی هاکێریی عیداڵەتی عەلی لە یەکێکی دیکە لە بەڵگە دەستکەوتووەکانی، وێنەی بەڵگەیەکی بڵاو کردەوە کە نیشانی ئەدات بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دادستانی گشتی و ئینقلابی تاران، کەسایەتییە ناودارەکان بەتایبەت وەرزشوانەکانی دەرەوەی وڵات، هاوکات لەگەڵ هاتنەوەیان بۆ ئێران دەسبەسەر بکرێن.

بەپێی ئەم بەڵگەیە کە لە ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاویدا لەلایەن شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیمەوە پەسەند کراوە "بەختیار ڕەحمانی، مێهرداد پوولادی، پەیام سادقیان، فەرشید ئیسماعیلی، سۆشا مەکانی، محەممەد تەقەوی و کیمیا عەلیزادە" لەو وەرزشوانانەی دەرەوەی وڵاتن، کە کاتی چوونەوە بۆ ئێران، دەسبەسەر دەکرێن.

ناوی ژمارەیەکی دیکە لە وەرزشوانانی کورد و ئێرانی لەم بەڵگەنامەیەدا هاتووە کە پشتیوانییان لە خەڵکی ناڕازی لە ڕەوتی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کردووە و داوا کراوە بەپەلە بەرەوڕوویان ببنەوە.

گرووپی هاکێریی عیداڵەتی عەلی ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی سایبێریدا توانیویەتی سیستەم و سێرڤێرەکانی دەزگای دادوەریی ڕێژیم هاک بکات و دەست بەسەر وردەکارییەکانی ٣ ملیۆن دۆسییەی دادوەری و ژمارەیەک بەڵگەی نهێنیدا بگرێت.

شایانی باسە کە تاکوو ئێستاش دەزگای دادوەریی ڕێژیم دانی بە هاکی سیستەم و سێرڤێرەکانی لەلایەن عیداڵەتی عەلییەوە نەناوە و بەڵگە بڵاوبووەکانی بە بەڵگەی ساختە ناو بردووە.

گرووپی سایبێریی عیداڵەتی عەلی پێشتریش کامێراکانی بەندیخانەی ئێڤینی هاک کردبوو کە سەرەتا بەرپرسانی ڕێژیم ئەو هەوڵەیان ڕەت دەکردەوە.

بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی دیکە لە بەڵگەکانی گەندەڵییەکانی ڕێژیم و دامودەزگاکانی لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان، دەتوانێت جارێکی دیکە ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ هەمووان ئاشکرا بکات.