بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تایبەت/ ئاواتودەی تاوانەکانی باندی مافیایی ئەمیر ڕەجەبی سەر به دەزگای دادوەری و ئیتلاعاتی سنه ئاشکرا دەکات

تایبەت/ ئاواتودەی باندی مافیایی ئەمیر ڕەجەبی سەر به دەزگای دادوەری و ئیتلاعاتی سنه ئاشکرا دەکات
ئاشکراکردنی باندێکی مافیایی به سەرکردایەتی ئەمیر ڕەجەبی
بۆ یەکەمجار، ئاواتودەی ناسنامه و تاوانەکانی باندێکی مافیایی و بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامی له کوردستانی ڕۆژهەلات له پارێزگای سنه ئاشکرا دەکات
posted onFebruary 18, 2024
noبۆچوون

باندێکی مافیایی لە پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتی ئەمیر ڕەجەبی حوسێن ئاباد، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە تایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، به پاڵپشتی و ڕێنوینی دەزگای بەناو داد و ڕێکخراوی تیرۆریستی ئتلاعاتی سنه، سەرقالی تاوان و تاڵانکردنی خەڵکی کوردستانه.

ئەمیر ڕەجەبی، کە بەڕەچەڵەک خەڵکی بیجارە، بۆ گەیشتن به ئامانجەکانی و جێبەجێ کردنی پیلانە نگریسەکانی، خۆی بە کوڕی "سەردار ڕەجەبی"، بەرپرسی پێشووی سپای تیرۆریستی پاسدارانی سنە ناساندووە، لەکاتێکدا دەگوترێ سەردار ڕەجەبی تەنیا دوو کچی هەیە.

بە پێی ئەو زانیارانه که له سەرچاوە باوەرپێکراوەکان بەدەستی ئاواتودەی گەیشتووه، ئەمیر ڕەجەبی، فەرمانبەرێکی دەرکراوی هێزی تیرۆریستی پۆلیسە کە بە هاوکاریی بەشێک لە لات و چەقۆکێشەکانی شاری سنە و بە پاڵپشتیی یەکێک لە دادوەرەکان بە ناوی عەلیرەزا فاریابی، سەدان تاوانیان كردووە.

جێگای ئاماژەیه، عەلیرەزا فاریابی، دادوەری لقی یەکەمی لێکۆڵینەوە‌ی دادگای سنەیه. هەروەها ناوبراو، بەرپرسی دۆسیەی دەستبەسەرکراوانی سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی بووه.

ئەمیر ڕەجەبی، بە هاودەستی كەسانێك لە حەراسەتی شارەوانیی سنە و ژمارەیەک لە بەکرێگیراوانی ئیدارەی تیرۆریستی ئیتلاعاتی سنە، هەتاکوو ئێستا سەدان تاوانی له شارەکانی کامیاران، سنە، دیواندرە و مەریوانی ئەنجام داوه. تاوانگەلێک وەک ڕفاندن، زەوتی زەوی، زەوتی بینا، پەروەندە سازی و پەیداکردنی پارەی نایاسایی.

بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە لایەن ژمارەیەک لە قوربانیانی ئەم بانده بەدەستی ئاواتودەی گەیشتووه، لە شارەکانی کامێران، سنە، دیواندرە و مەریوان بە سەدان دۆسیە لە دەزگای قەزایی پارێزگا لە دژی ئەم کەسە و باندە مافیاییەکەی بوونی هەیە بەڵام دەزگای بەناو دادی سنه و ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیتلاعات و هەروەها سپای پاسداران پاڵپشتی، ناهێڵن کەسێک دژ بەو کابرایه هەنگاوێك هەڵگبرێت.

ئەم گروپه تاوانکارە لەماوەی ئەم چەند ساڵه، دەیان خاوەن زەوی و موڵکیان ڕفاندووه که لە ناوچە جیاجیاکانی شاری سنەدا سەرقاڵی چێکردنی خانوبەرە بوونه. دوای ڕفاندنیان، ئەشکەنجەیان کردووه و داوای رادەستکردنی سروەت و سامانیان لێ کردوون. ئەگەر خاوەن موڵکەکان داواکەیان ڕەت بکردابا، هەڕەشەیان لێ دەکردن که به تومەتی پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردیەکانیان یان "ڕێبەری ئاژاوەگێڕییەکان" دۆسیەیەک له دادگا بۆیان چێ دەکرێت. دواتر گرێبەستێکیان دەهێنا و به زەبری چەک واژۆیانی لێدەگرت و خانوو یان زەوییەکەیان به نێوی ئەمیر ڕەجەبی دەگواستەوه.

ئەمیر ڕەجەبی لەوه دڵنیا بوو که ئەگەر کەسێکیش سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، دۆسیەکه یەکڕاست دەچێتە ژێردەستی ئەو دادوەره کە هاوبەشییەتی له تاوانەکانی و له کۆتاییدا بڕیاری بێتاوانی تاڵانچیەکان دەردەکات و دادگایی ناکرێن.

ئەم باندە تاوانکارە تەنانەت لەوەش زیاتریش ڕۆیشتوون و لە سەردەمی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"دا، شوێن ئەو کەسانە دەكەوتن کە پێشتر زانیارییان لە سەریان هەبوون و وێنەیان لە شەقامەکاندا لێ گرتبوون، دواتر هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەو وێنانەیان دەکرد وەک "ئامادەبوونیان لە ئاژاوەگێڕییەکان یان ناساندنیان وەک ڕێبەری ئاژاوەگێڕییەکان". هەر لەم ڕێگایه هەڕەشەیان لە خەڵک دەکرد کە ئەگەر گوێڕایەڵی ویستەكانیان نەبن دەبێت چاوەڕێی لێکەوتەی خراپتر بن.

جێگای ئاماژەیه، ناسنامەی ئەو هەموو تاوانبار و لات و چەقۆکێشانەش لەلایەن میدیای ئاواتوودەیەوە پارێزراوە.