بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی لاوانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەردەوامه

مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی لاوانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەردەوامه
چوار چالاکوانی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵات که له سێدارە دران
posted onFebruary 5, 2024
noبۆچوون

له درێژه‌ی دژکردەوەکان له هەمبەر لەسێدارەدانی چوار چالاکوانی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵات، کوردستانیانی دانیشتووی شاری ڤەنکۆڤێری کانادا، کۆبوونەوەکی ناڕزایەتیان بەڕێوه برد.

به پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاڤاتوودەی، ڕۆژی یەکشەممه، ١٤ی ڕێبەندانن، له درێژەی خۆپیشاندانەکانی ئازادیخوازانی جیهان دژ به لەسێدارەدانی چوار چالاکوانی کورد، کۆبوونەوەیەکی ناڕزایەتی له لایەن کوردستانیانی دانیشتووی شاری ڤەنکۆڤێری کانادا، بەڕێوه چوو.

لەم کۆبوونەوەدا، خۆپیشاندەران به بەرز کردنی ئالای کوردستان و چەندین پلاکارد به زمانی ئنگلیزی، توڕەیی خۆیان له جنایەتەکان ڕیژیمی فاشیستی ئێران دەربڕی.

لەم خۆپیشاندانەدا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و سەربەخۆیی بۆ کوردستان گوترایەوە. هەروەها ڕاگەیندراوێک له لایەن یەکێک له بەشداربووان بۆ مەحکووم کردنی ئەم جنایەته قیزەونه خوێندرایەوه.

جێگای ئاماژەیه بەرەبەیانەی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، سزای لە سێدارەدانی هەر یەکە لە "وەفا ئازەربار"، "پێژمان فاتحی"، "محەمەد فەرامەرزی" و "مۆحسێن مەزلووم" لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ‌کراوە.

مەسعود شەمس‌نژاد، پارێزەری ئەو چووار زیندانییە، وەک کاردانەوەیەک نیسبەت بەم تاوانه لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توییتەری جاران) نوسیبووی: "ئەوان لەگەڵ بانگی ئێعدام، لەسێدارە دران".

هەروەها کاردانەوەی خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان له بەرامبەر ئەم جنایەته قیزەونه زۆر بەربلاو و سرنجڕاکێش بوو. به‌پێی هەواڵه پشتراتکراوەکان، گەلی کورد له ڕۆژی سێ‌شەممە یەکی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لانیکەم لە شارەکانی کرماشان، سنە، مەهاباد، روانسەر، مەریوان، بانه، سەقز، دێوەڵان، بۆکان، دیواندەرە و سەوڵاوا مانگرتنی گشتییان بەڕێوەبرد و دوکان و بازاڕەکان بە تەواوی داخران.