بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مۆتەکەى کۆتاییهێنان بە بەرجام

سوپاى پاسداران لە سەراسەرى وڵات کەوتووەتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە
سوپاى پاسداران لە سەراسەرى وڵات کەوتووەتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە
posted onMay 8, 2018
noبۆچوون

 

ئەمەشەو سەرۆککۆمارى ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، لە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران کە بە بەرجام بەنێوبانگە، بە دڵنیاییەوە دێتە دەرەوە، بەڵام دەرفەتێک دەدرێتە کۆمارى ئیسلامى ئێران تا نیگەرانییەکانى ئەمەریکا وهاوپەیمانەکانى بڕەوێنێتەوە، بەدەر لەمە گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر ئێران زیاتر دەبن. هەرچەندە بە دەرچوونى ئەمەریکا لە بەرجام، کۆمارى ئیسلامى و وڵاتە ئەورووپییەکان هەوڵ دەدەن کە ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بمێنێتەوە. 

بە پێى هەواڵى گەیشتوو بە ئاڤاتودەى، سوپاى پاسداران لە سەراسەرى ئێران کەوتووەتە ئامادەباشییەکى ئاشکرانەبووەوە و بە فەرمى هێزە ئەمنییەکان و سوپاى پاسداران ئاگادار کراونەتەوە کە بگەڕێنەوە سەر خزمەتەکانیان. لە لایەکى دیکەوە بە پێى هەواڵى سەرچاوەیەکى بڕواپێکراو، دوێنێ شەوى ١٧ى بانەمەڕ، فڕۆکە باربەرییەکانى ئێران کە کەلوپەلى سەربازییان پێ بووە لە تارانەوە بەرەو دیمەشق ڕۆیشتوون و هەوڵ دراوە کە ئەم کارە بە نهێنى ئەنجام بدرێت. 

هاوکات ئەگەرى ئەوە هەیە کە بە هاتنە دەرەوەى ئەمەریکا لە بەرجام، هاوپەیمان و بەکرێگیراوەکانى سوپاى قودسى ئێران لە سوریە دژ بە ئیسرائیل جووڵەیەکى سەربازى ئەنجام بدەن. بنیامین نەتانیاهۆش گوتبووى کە ئێران خەریکە بە چەکى مەترسیدار خۆى بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە دەکات. 

دەرچوونى ئەمەریکا لە بەرجام، ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى ئێرانى لە کۆمارى ئیسلامى بردووەتە نێو قۆناغێکى نوێترەوە. لە سبەینێوە کە بەرجامێک لە گۆڕێدا نەماوە، ناجێگرى و هەرجومەرجى ئابوورى بە تەواوى باڵ بەسەر ئێراندا دەکێشێت، ئەگەر چى حەسەن ڕۆحانى گوتى کۆمارى ئیسلامى تەنیا دوو سێ مانگ تووشى کێشە دەبنەوە و دواتر خۆیان دەگرنەوە، بەڵام پسپۆڕانى ئابوورى لەو باوەڕەدان کە بە دڵنیاییەوە ئێران ڕووبەڕووى داڕمانى ئابوورى دەبێتەوە.