بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دەوڵەت - نەتەوە یا کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک؟!

دەوڵەت - نەتەوە یا کونفێدراڵیسمی دێموکراتیک؟!
AvaToday caption
posted onApril 13, 2023
noبۆچوون

نووسینى هیوا ساڵحى

ئەگەر شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بخەینە بەر خوێندنەوەیەکی ورد و هەمەلایەنە لە بواری کۆمەڵناسییەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە "شۆڕش" لە ساحەتی تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووری دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ڕوویداوە و تەنیا ئەم شۆڕشە بۆ سەرکەوتن پێویستی بە ئەنجامدانی شۆڕشی سیاسییە، یانی بتوانێت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە ئێستا تەنیا لە دوو بواری نیزامی و ئەمنیەتی‌دا ماوە، بڕووخێنێت.
یەکێک لە پێشمەرجەکانی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە، یەکگرتوویی و هاوکاری هاوبەشی ئوپۆزیسیونی کوردستانی و ئێرانییە، کە لەم دەقەدا ئەم بابەتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت لە بارەی مۆدێلی بەرێوەبەریی کۆمەڵگا و وڵات لە ئایندەى دوای کۆماری ئیسلامی دەخەینە بەر باس کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری مۆدێلی پێشنیارکراویان بۆ ئایندەى ڕۆژهەڵات، بە سەر سێ گرووپ دابەش دەکرێن:

١- سەربەخۆخوازان لە چوارچێوەی دامەزراندنی دەوڵەت - نەتەوەی کوردستان

۲- فیدراڵیزمخوازان لە چوارچێوەی دەوڵەت - نەتەوەی ئێران

۳- کۆنفیدراڵیزمخوازان لە چوارچێوەی جۆگرافیای ئێران

هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بێجگە لە پژاک باوڕیان بە مودێلی دەوڵەت - نەتەوە هەیە کە دەتوانێت لە چوارچێوەی فێدراڵیزم و دەوڵەت - نەتەوەی ئێرانی بێت یا لە چوارچێوەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت - نەتەوەی کوردستان، بەڵام پژاک ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە دژ بە مودێلی دەوڵەت - نەتەوەیە و کونفێدراڵیزمی دیموکراتیکی وەک مودێلی پێشنیارکراوی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دەرخستووە.
مودێلی دەوڵەت - نەتەوە لە جیهان دوای لاوازبوونی هێزی کلیسا لە ئەورووپای ڕۆژئاوا شکڵی گرت کە ئاکامی واژۆکردنی پەیماننامەی وێستفالی لە ساڵی ۱٦٤٨ زایینی بوو بەڵام لووتکەی ئەم بابەتە دەگەرێتەوە بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی فەرانسە لە ساڵی ۱۷٨۹ زایینی دژ بە نیزامی پاشایەتی ئەو کاتی فەرانسە کە ڕووخاندیان و بە سەریدا سەرکەوتن و دەوڵەتی نەتەوەیی لە فەڕانسە دامەزرا.
ئێستا، نەزمی جیهانی بە پێی مودێلی دەوڵەت - نەتەوە دامەزراوە یانی تەواوی وڵاتانی جیهان بە پێی ئەم مودێلە بەڕێوە دەبرێن.
مودێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک کە ئێستا پژاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە ئاڵاهەڵگری، مودێلی پێشنیارکراوی تەواوی لەق و پۆپەکانی پەکەکەیە.
پەکەکە لە ڕاگەیاندن و پڕوپاگندەکانى خۆیدا وا بڵاوی کردوەتەوە کە ئەم مودێلە بەرهەمی هزر و بیری عەبدوڵا ئۆجالانە، لە کاتێکدا ئەم قسەیە ڕاست نییە لەبەر ئەوەی کە ئەم مودێلە بەم فۆڕمەوە، بەرهەمی بیر و هزری فەیلەسووفێکی ئانارشسیتی ئەمریکاییە بە ناوی مورای بوکچین!
مورای بوکچین، مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی پێشنیار کردووە بۆ تێپەڕین لە جیهانی سەرمایەداری و جیهانی دەوڵەت - نەتەوە لە دونیای ڕۆژئاوادا یانی مورای بوکچین لەسەر ئەو باوڕە بووە کە ئەم مودێلە بۆ کۆمەڵگایەک بە کار دێت کە قۆناغی سەرمایەداری بە تەواوی ئەزمووم کردبێت چ وەکوو دامەزراوە و پێکهاتەکان، چ وەکوو تێهزرینى تاکەکانی کۆمەڵگا.


ئێستا دوو پرسیاربەرامبەر بە پژاک و پەکەکە دێتە کایەوە:

١- ئێوە بە کامە هێزتانەوە دەتانەوێت نەزمی جیهانی بگۆڕن؟! یانی گۆڕانی نەزمی جیهانی لە دەوڵەت - نەتەوە بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک.

۲- کۆمەڵگای کوردستان کە هێشتا قۆناغی سەرمایەداری بە تەواوی ئەزموون نەکردووە و هێشتا دەوڵەت - نەتەوەی خۆی دانەمەزراندووە، چۆن دەتانەوێت مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی بۆ دابمەزرێنن؟!

لە کۆتایی‌دا پێویستە ئەوە بوەترێت کە نەتەوەی کورد نە هێزی ئەوەی هەیە و نە ئەرکی سەرشانی کوردە کە نەزمی ئێستای جیهانی بگۆڕێت و نە لە بەرژەوەندی کوردە، کورد هێشتا نەتەوەیەکی زوڵملێکراوە کە نەیتوانیوە مافە ڕەواکانی خۆی بە دەست بێنێت.
ئەوەیش کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بوونی هەیە بە واقع کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک نییە و نەیتوانیوە لەسەر پێی خوی بوەستێت، بەڵکوو لە پارادۆکسێکی ئاشکرادا پشتی بەستووە بە دەوڵەتی ئەمریکا کە زلهێزترین و پارێزەری ئەم نەزمەی ئێستای جیهان یانی سەرمایەداری و دەوڵەت - نەتەوەیە، ئینجا ئەوەی کە پەکەکە و پژاک لەم بوارەدا سەفسەتەی دەکەن و ئامادە نین ئەم واقعە قەبووڵ بکەن، بۆ مووقەدەسبوونى تەکانی ئوجاڵان بە پیرۆزکردنى ڕوانگەکانى دەگەڕێتەوە وناتوانن دژی بوەستن و بێژن شکستی خواردووە.
دەبێ هیوای ئەوە بخوازین کە هەر چی زووتر، پەکەکە و پژاک ئەم چوارچێوە ئایدۆئۆلۆژیکە بشکێنن و ئازادیی فکری خۆیان بە دەست بێننەوە و بزانن کە ئەم مودێلە بۆ نەتەوەی کورد بە کار نایەت و ئەگەر نەتەوەی کورد تەواوی هێزی خۆی یەکدەست کاتەوەش، هەر ناتوانێت ئەم مودێلە جێبەجێ کات.
بۆیە لەم قۆناغەی شۆڕشی ژینادا کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێویستە یەکگرتوو بن، ئەم بابەتە یەکێک لە خاڵە جێناکۆکەکانە کە دەبێت چارەسەر بکرێت و هێزی کورد لەمە زیاتر بە فیرۆ نەدات، هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى کە "پژاکى سەر بە پەکەکە مۆرکێکى ناڕۆژهەڵاتى هەیە و ناتوانێت جێگەى خۆى لە نێو هەناوى ڕۆژهەڵات و ناسیونالیزمى ڕۆژهەڵاتیدا بکاتەوە".