بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هۆشداریی ئابووریناسێک: یەک لەسەر سێی سفرەی ئێرانییەکان لەنێو چووە

هۆشداریی ئابووریناسێک: یەک لەسەر سێی سفرەی ئێرانییەکان لەنێو چووە
AvaToday caption
posted onFebruary 24, 2023
noبۆچوون

فەرشاد موئمینى، ئابووریناس و مامۆستای ئابووری لە زانکۆی "عەلامەى تەباتەبایی"ـی تاران، وێڕای ڕەخنەگرتن لە شێوازی حوکمڕانی لە ئێران و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە یەک لەسەر سێی سفرەی خەڵک لەنێو چووە، گوتی بە هۆی سیاسەتەکانی کۆمارى ئیسلامییەوە، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی ئێران کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

 

فەرشاد موئمینى گوتی: لانیکەم ٢٥ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە خەڵکى ئێران لە ساڵی ١٤٠٠ بە هۆی سیاسەتە هەڵە دیکتاتۆرییەکانی حکوومەتەوە کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری.

هەروەها باسى لەوەش کرد کە "ئێمه له پرسی پشتگوێخستنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی له شێوازی حوکمڕانی وڵات، لەبەردەم دۆخێکی سەرسوڕهێنهر و هاودژداین، به جۆرێک له هەموو قۆناغێکدا کاتێک بانگەشەکان لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی زیاتر بوونە، ڕێک پێچەوانەکەى ڕاست بووە".

ئەم مامۆستا دیارەی ئابووری "دابەزین و خراپی کوالێتی خوێندن لە بواری پەروەردەی بنەڕەتی"، بە "کارەساتبار"ى زانی و گوتی نزیکەی ٣٠%ى دانیشتوانی تەمەن ١٨ بۆ ٢٤ ساڵانی ئێران، "هەر قۆناغى دووەمی خوێندنى ناوەندییان نەبڕیوە" و نزیکەی ٥٦%ى دانیشتووانیش خوێندنی ناوەندییان هەر تەواو نەکردووە.

فەرشاد موئمینى، ئابووریناس و مامۆستای ئابووری لە زانکۆی "عەلامەى تەباتەبایی"ـی تاران، ڕوو لە بەرپرسانی حکوومەتی گوتی: "دەتوانن بە بەرهەمی دراماتیک ئەم زانیاریانە بشارنەوە"؛ بەڵام کاریگەرییەکانی ناشاردرێنەوە و لەسەر وڵاتەکە دەرکەوتوون.

خراپبوونی دۆخى ئابووری و بێکاری و بێهێزی حکومەت لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکانی بژێوی ژیان، وای کردووە ژمارەیەک لە پسپۆڕان هۆشداری بدەن لە بەردەوامیی ئەم دۆخە لە ئایندەشدا.

حوسێن ڕاغفەر، ئابووریناس، مانگی ڕابردوو هۆشداری دابوو کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گرنگی بە حەقیقەتە سیاسییەکان نەدەن، وڵات "ڕووبەڕووی قەیرانی مێژوویی دەبێتەوە" و ئەو مامۆستایە دەرئەنجامەکانی ئەم جۆرە قەیرانانە بە هێرشی مەغۆلەکان بەراورد دەکات.

هەروەها موحسین ڕەنانی، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ، ٢٩ی ڕەشەممە وتارێکی بڵاو کردەوە و تیایدا باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی سێ قۆناغی داڕمانی تێپەڕاندووە و تەنیا قۆناغێک لە داڕمانی تەواوەتی ماوە. ئەم ئابووریناسە ڕوونی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی بە سێ قۆناغی یەکەمی ڕووخاندا تێپەڕیوە و دەشڵێت "نازانم تا چەند و تا چ ڕادەیەک دەتوانێت بە پەلەقاژێ و توندوتیژی و میلیتاریزەکردنى کۆمەڵگا پێش بە هاتی قۆناغی چوارەم بگرێت"، بەڵام بە گۆڕینی ڕێکارەکان دەتوانێت ئەگەری داڕمانەکە کەم بکاتەوە ئەویش بەوەى کە پێش ئەوەی قۆناغی چوارەمی داڕمان بە هۆى "ڕاپەڕین لە خوارەوە" ڕوو بدات، دەست بداتە "ڕاپەڕین لە سەرەوە".