بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تێلێگراف: دژایەتی ئەمریکا بەرامبەر بەریتانیا لەسەر دانانی سوپاى پاسداران لە لیستى تیرۆر

تێلێگراف: دژایەتی ئەمریکا بەرامبەر بەریتانیا لەسەر دانانی سوپاى پاسداران لە لیستى تیرۆر
AvaToday caption
posted onFebruary 23, 2023
noبۆچوون

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تێلێگراف، دیپلۆماتکارانی حکومەتی ئەمریکا پێیان وایە بەریتانیا نابێت سوپای پاسدارانى کۆمارى ئیسلامی بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، چونکە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ڕۆڵی بەریتانیا لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران.

 

ڕۆژنامەی تێلێگراف ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی فێبریوەرى (٤ى ڕەشەممە) ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و بە پێی ئەو ڕاپۆرتە دیپلۆماتکارانی حکومەتی ئەمریکا پێیان وایە لەندەن نابێت سوپای پاسدارانی کۆمارى ئیسلامی بخاتە لیستی ڕێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، چونکە پێی وایە ئەم جۆرە کارە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ڕۆڵی بەریتانیا لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان. بە گوێرەی ڕۆژنامەی تێلێگراف، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانووستانە ئەتۆمییە گیرخواردووەکان دەکات.

بەریتانیاش لەم وتووێژانەدا ئامادەیە و لە ڕوانگەی دیپلۆماتکارانی ئیدارەی بایدنەوە، دانانی سوپای پاسداران لە لیستى تیرۆر لە لایەن لەندنەوە، ڕەنگە ڕۆڵی بەریتانیا لەم وتووێژانەدا لاواز بکات. ڕۆژی ٢ی ژانویەى ئەمساڵ (١٢ی ڕێبەندان)، ڕۆژنامەی تێلێگراف بڵاوی کردەوە کە حکومەتی بەریتانیا بەنیازە سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە. هەروەها لە ڕاپۆرتی تێلێگرافدا باس لەوە کراوە کە وەزیری نێوخۆ و ئاسایشی بەریتانیا پشتیوانی ئەم کارە دەکەن.

بە هۆی بەردەوامی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانەکان لە ئێران، لە چەند هەفتەی ڕابردوو باس لە بە تیرۆریستناساندنی سوپای پاسداران کرا.

لە کاتێکدا نەیارانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکانیاندا بەردەوام داوای ئەو بابەتەیان کردووە، وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئەورووپا ڕێگەیەکى خۆپارێزانەیان بۆ ئەم پرسە هەیە.

داواکاریی دانانى سوپای پاسدارانی کۆمارى ئیسلامی لە لیستی تیرۆری یەکیەتیی ئەورووپا، یەکێک لە گرینگترین داواکارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییە، هەروەها زۆرێک لە وەزیران و دیپلۆماتکارە باڵاکانی ڕۆژئاواش هاوڕان لەگەڵ ئەم پرسە، بەڵام یەکیەتیی ئەوروپا هەمیشە ڕایگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن.

تێلێگراف ٢

ڕۆژی سێشەممە ٣ى ڕەشەممە، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی شارەزایانی یاسایی یەکیەتی ئەورووپا ڕایگەیاند کە ئێستا یەکیەتیی ئەورووپا بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ پۆلێنکردنی سوپای پاسدارانی کۆمارى ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، پێش ئەوەش جۆزێپ بورێل، ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا ڕایگەیاندبوو کە دانانى سوپای پاسداران لە لیستى تیرۆر لە لایەن یەکیەتى ئەوروپاوە دەبێ بە بڕیاری دادگا بێت.

دیارە لە نێو یاساناسان و شارەزایاندا بۆچوونی جیاواز هەیە. هێلل نۆیر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی شەممە، لە کۆبوونەوەی گەورەی ئێرانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە بڕۆکسێل ئامادە بوو، دژایەتی خۆی لەگەڵ هەڵوێست و لێدوانەکانی بورێل دەربڕی.

لە ڕوانگەی ئەوەوە، وەک پارێزەرێکی یاسای نێودەوڵەتی، یەکیەتی ئەورووپا "بنەما و هۆکاری پێویستی هەیە بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخاتە نێو لیستى تیرۆریستەکانەوە"، ناوبراو ڕایگەیاند کە تەنها لە پێنج ساڵی ڕابردوودا سوپای پاسداران "زیاتر لە ٢٠ کردەوەی تیرۆریستی"ـى لە ئەورووپا ئەنجام داوە.