بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

درێژترین مانگرتنی مێژووی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان

درێژترین مانگرتنی مێژووی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان
مانگرتنی خەڵکی بانە بۆ ناڕەزایەتی دەڕبڕین بە داخستنی سنوورەکان و بەرزبوونەوەى رێژەی گومرگ لە چواردەیەمین رۆژی خۆیدا درێژەی هەیە و مانگرتووان  هەتا کرانەوەی سنورەکان جەخت لەسەر درێژە پێدان بە مانگرتن دەکەن.
posted onApril 28, 2018
noبۆچوون

 

یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی بانە رۆژی شەممە بە ئاڤاتودەی ڕاگەیاند "مانگرتنی خەڵکی بانە لە چواردەیەمین ڕۆژی خۆیدا هەروا درێژەی هەیە و تا ئەو کاتەی وەڵامی داخوازییەکانمان دەدرێتەوە ئەو مانگرتنە بەردەوام دەبێ"، لێ بەرپرسان تا ئێستاش هیچ وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەیان بە خەڵک نەداوە.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە بەو جۆرە درێژەی بە باسەکەی دا "داهاتی ٩٥ لەسەدی بانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گرێدراوە بە سنوورەکانەوە، بەو حاڵەشەوە ئاغاکان (مەبەستى بەرپرسەکانە) دەڵێن ئامانج لە داخستنی ئەو سنوورانە پشتیوانیکردنە لە شتومەک و بەرهەمهینانی خۆماڵی، ئەی بۆچی بەندەری گەناوە داناخەن؟ هاوردەکردن و هەناردەکردنی سنووری، لە سنوری سەیرانبەند ناگاتە یەک لەسەر هەزاری بەندەری گەناوە".

بە درێژەی مانگرتنی ئاشتییانەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کەسایەتى ئایینی پاڵپشتی خۆیان بۆ مانگرتنەکە ڕاگەیاندووە. محەمەد ئەدیبی یەکێک لەو کەسایەتییانەی بانەیە کە لە وتارى هەینى و قسەى تۆمارکراو وێڕای پشتیوانی لەو مانگرتنە، دژایەتی لەگەڵ مانگرتنەکەی بە دژایەتی خودا و قورئان و شەریعەت هەژمار کردووە. عەبدولڕەحمان ساڵحزادە یەکێکی دیکە لەو کەسایەتییە ئایینیانەی شاری بانەیە کە وێڕای پشتیوانیکردن لە مانگرتنی بانە و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیاڕی کۆماری ئیسلامی بۆ داخستنی سنوورەکانی نەشیاو و دوور لە ئەقڵیەتی سیاسی خەمڵاند کە بۆتە هۆی کەمبوونەوەی ڕزق و ڕۆزی خەڵک.

کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا کە ڕۆژی شەممە بڵاویان کردەوە پشتیوانی خۆیان لە مانگرتنی شارە سنوورییەکان ڕاگەیاند و دەڵێن "لە هیچ کوێی گۆی زەوی وەها بزاوتێکی مەدەنی و ئاشتیانە بوونی نەبووە کە ١٤ رۆژ درێژەی هەبێ". لە درێژەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە "ئێمە پشتیوانی لە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی بەڕێز و نەجیبی بانە دەکەین و هیوای ئەوەمان هەیە کە مانگرتنی بازاڕیان لە رۆژەکانی داهاتودا پەل بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران بهاوێت". ئەم چالاکوانانە کۆڵبەری و ژیانی سەر سنوور بۆ کورد بە هەڵبژاردن نازانن و "بۆ ئێمەی خەڵكی شارەکانی سەر سنوور ئەنجامی گرنگیپێنەدانی دەسەڵاتە بە دۆخی ئابووری و نەبوونی گەشەی ئابووری و.. کە دەوڵەتە جۆراوجۆرەکان لەسەر کوردستان بەڕێوەیان بردووە".

بەشی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و هەرێمی باشوری کوردستان لە ڕێگەی هاوردە و هەناردەکردنی شتومەک بۆ ئێران بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن. خەڵکی ئەو ناوچانە دەڵێن نەبوونی هەلی کار لەو ناوچانەدا ئێمە پێملین بۆ هەڵبژاردنی ئەو کارە. لە دریژەی ڕاگەیێندراوی چالاکانی مەدەنی پارێزگای کوردستان دا هاتووە "چەندین مانگە کە هەر رۆژەو بە بیانویەک پێش بە هاتوچۆی سنورەکان دەگرن و لە کۆتاییدا نەورۆزی ئەوساڵ تیغی کۆتاییان وەک دیاری بۆ سنوورپارێزانی بەغیرەت! لە سنوورەکان دا. پڕۆژەیەک کە بە هەڵکەندنی خەندەق لە سەر سنوور و  میلیتاریزەکردن و پۆلیسیکردنەوەی سەر سنوورەکان دەستی پێ کرد و لە کۆتاییدا بوو بە هۆی ئەو دۆخەی ئیستا".

لە دوای ڕێفڕاندۆمی سێیەمی ڕەزبەری ساڵی ڕابڕدووی هەرێمی کوردستان، کۆماری ئیسلامی هەموو سنوورە ئاسمانی و زەوینییەکانی بێجگە لە سنووری باشماخ داخست. سنورە دانپێنراوە زەوینییەکان دوای سێ مانگ لە مانگی بەفرانباردا دووبارە کرانەوە، بەڵام سنوورە نیوە دانپێنراوەکان کە زۆربەی هاتوچۆی سەر سنوورەکان لەوێوە دەکرێت، هەروا داخراون. دووکاندار و کاسبکارانی بانە و جوانڕۆ وەک ناڕەزایەتییەک بە داخستنی سنوورەکان و چوونە سەری ڕێژەی گومرگ، رۆژی ٢٦ی مانگی خاکەلێوە دەستیان داوەتە مانگرتن، ئەو مانگرتنە لە ماوەیەکی زۆر کەم گەیشتە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی کاسبکاری شارەکانی سەقز، پیرانشار، سەردەشت مەهاباد و مەریوان پەیوەست بوون پێوەى.

بە گووتەی چالاکانی مەدەنی و سیاسی، خاڵی جیاوازی ئەو مانگرتنە لەگەڵ مانگرتنەکانی دیکە  ئەوەیە کە ئەو مانگرتنە دوور لە توندوتیژی بووە. مانگرتووان بە وەڕێخستنی کەمپەینی جۆراوجۆر بە تایبەتی ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ ڕووی ڕاستەقینەی ژیانی خۆیان پێشانی بەرپرسان دا . کەمپینی سفرەی بەتاڵ هەروەک مانگرتن لە شاری بانە دەستی پێ کرد و لە ماوەیەکی کەمدا بەربڵاو بووە و زۆربەی شارەکانی کوردستان ئەو سفرە بەتاڵەیان ڕاخست.

رۆژی ٦ی بانەمەڕ هاوکات لەگەڵ سەفەری دەستەیەکی نێردراو لە وەزارەتەکانی ئابووری، کار و ڕێکخڕاوی گەشە و بازرگانی بۆ بانە و مەریوان، مانگرتووانی بانەیی بە چاپکردنی دروشمگەلێکی وەک "ئەمن کۆڵبەرم" و "سفرەی ئێمە بەتاڵە" و "بابم نانی نییە"، لە پێش دەرگای فەرمانداری ئەو شارە مانگرتنێکی ئاشتیانەیان بەڕێوە برد. هەروەها رۆژی ٣٠ خاکەلێوە سەعید جەلیلی نوێنەری خامنەیی لە ئاسایشی نەتەوەیی سەردانی شارەکانی مەریوان، بانە و سەقزی کرد و لە کۆبونەوەیەک لەگەڵ مانگرتوواندا لە مزگەوتی جامعی بانە کۆبووەوە.

یادگار سادقی یەکێک لە بەشداربووانی نێو کۆبوونەوەکان، وێڕای ڕەخنەگرتنێکی توند لە داخستنی سنوورەکان و کوژرانی کۆڵبەڕان لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی، ڕوو بە جەلیلی گووتی "کاتێک باسی برسیبوونی ژن و منداڵ بێتە پیش، خەڵک ئامادەیە هەموو کارێک بکات". زۆرێک لە مانگرتووان وێڕای گلەییکردن لە بەرپرسانی پارێزگا و وڵاتی ئێران جەختیان لەسەر دریژەدان بە مانگرتن هەتا کرانەوەی سنورەکان و کەمبوونەوەی نرخی گومرگەکان کردەوە.

شایەنى باسە، شارەکانی پیرانشار و بانە لە بەفرانباری ڕابڕدوودا بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە داخستنی سنوورەکان سێ رۆژ مانگرتنیان ڕاگەیاندبوو.