بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

چالاکانى ئێرانى داواى بەڕێوەبردنى ڕیفراندۆمى نا بە کۆمارى ئیسلامى لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن

چالاکانى ئێرانى داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بۆ بەڕێوەبردنى ڕیفراندۆمى نا بە کۆمارى ئیسلامى
AvaToday caption
posted onMarch 27, 2021
noبۆچوون

 ۱۰۲ چالاکیی مەدەنی و چالاکیی سیاسیی ناوخۆی ئێران لە نامه‌یەک بۆ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، خوازیاریی پاڵپشتیی ئەم ناوەندە بوون لە بەڕێوەبردنی ڕێفڕاندۆمێک سەبارەت بە تێپەڕبوونی لە هەژموون و دەسەڵاتى حکومەتی کۆماری ئیسلامی.

 

ئەم  چالاکانە لە نامەکەیاندا سیستەم و نیزامى کۆماری ئیسلامییان بە دز و تاڵانچی و تاوانبار ناوزەد کردووە و کوژرانی خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹۸ى هەتاوى (٢٠١٩ى زایینى) وەک نموونەیەک لە تاوانەکانى ئەم رژیمە ناو دەبەن. ئەم نامەیەدا که لە ماڵپەڕی ئەنجوومەنى بەڕێوەبەرى تێپەڕبوون بڵاو بووەتەوە، تیایدا هاتووە: «ئێمە لەم باوەڕەداین ئەنجوومەنى ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، توانا و پابەندبوونی ئەخڵاقیی پێویستی هەیە تا لە ڕاستای داد و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران لە سێبەری ئاسایش و پێکەوەژیان لەگەڵ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و دونیادا، وەها تێپەڕبوونێکی ئاشتیخوازانە جێبەجێ بکرێت.»

 

ئەم ۱۰۲ چالاکە مەدەنی و سیاسییەی ئێران لە نامەکەی خۆیاندا، نموونه‌گەلێکی وەک هەڵاواردنى باشووری ئەفریقا لە دەیەی ۱۹۹۰ و بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی نەتەوەیی بۆ جێگیرکردنی حاکمییەتی خەڵکی لە ساڵی ۱۹۷۸ لە شیلییان هێناوەتەوە و ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لەو ڕووداوانە بەرز نرخاندووە.

واژۆکەرانی ئەم نامەیە نووسیویانە: «بەم شێوەیە، دەکرێت پێش به پێشێلکردنی وەحشیانەی مافی مرۆڤی خەڵکی لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە لە ئێران بگیردرێت.»

شەهلا ئینتساری، ئەکبەر ئەمینی، عیسا خان حاتەمی، یاسەمین حەنیفه تەباتەبایی، هاشم خاستار، زەرتەشت ئەحمەدی راغێب، کورۆش زەعیم، حشمەتوڵلا تەبەرزەدی،  بهفەر لاله‌زاری، ‌فەرەنگیس مەزلوم، عەبدوڵحەمید مەعسوومی تارانی، و محەمەد نیکبەخت لە واژۆکەرانی ئەو نامەیەن.

 ناردنی ئەم نامەیە بۆ ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و داواکاری پاڵپشتیی لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بۆ تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ کەمپەینی «نا بۆ کۆماریی ئیسلامی» جێبەجێ دەبێت که لە نێوانیاندا کەسایەتیی سیاسی، هونەرمەندان و شارۆمەندانی دیکە دەبیندرێت.

پێشتریش نامەیەک بە واژووى ٦٠ کەسایەتیی فەرهەنگى و سیاسى ئێرانى لە دەرەوەى وڵات، درابووە خاتوو ناوانتم پیلى کۆمیسیارى باڵاى مافى مرۆڤى نەتەوە یەکگرتووەکان دژى ڕەفتارى نائیسنانییانەى کۆمارى ئیسلامى لەگەڵ دژبەرانى سیاسى و جیاوازبیران و ئازادیخوازانى ئەو وڵاتە.