بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سەرەڕاى ناڕەزایەتییەکان بەنداوی کانیی سێو دروست کرا

سەرەڕاى ناڕەزایەتییەکان بەنداوی کانیی سێو دروست کرا
AvaToday caption
posted onFebruary 3, 2021
noبۆچوون

بەنداوى کانى سێو، سەرەڕای ناڕەزایەتیی خەڵکی خۆجێ و پسپۆڕانى ژینگەیی تەواو بوو، بەنداوێک کە بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ گۆلی ورمێ دروست کراوە.

 

حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری کۆمارى ئیسلامی، پێنجشەممە ۱۱ی بەفرانبار بەنداوی کانیی سێوی پیرانشاری لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسێکەوە کردەوە کە بۆ ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ کارى لەسەر کراوە. بۆ ئەم پرۆژە گەورەیە ٥٠٠ ملیار تمەن سرمایه‌گوزاری کراوە کە زیاتر لە ٦٠٠ ملیون  مەتری چوارگۆشە ئاو هەناردەی گۆلی ورمێ دەکات.

بەڵام ئەم بەنداوە کە بنکەی خاتەمولئەنبیای سوپای تیرۆریستى پاسداران دروستی کردووە، دژبەری زۆری هەیە:‌ لە خەڵکی خۆجێییەوە بگرە تا پسپۆڕانى ژینگەیی. بەنداوی کانی سێو بناغەی لە سەر چۆمی زاب لە دەوروبەری پیرانشارە و ئاوی ئەم چۆمەیان بەرۆ گۆلی ورمێ بەلاڕێدا بردووە.

چۆمی زاب دەڕژێتە نێو هەرێمی کوردستان و لە پارەوە کە دروستکردنی بەنداو دەستی پێ کردووە، ئەم چۆمە بەرەو وشکبوون ڕۆیشتووە و ئاوەکەى نایێتە هەرێمى کوردستان. هەروەها گوندەکانی کاسەکڕان و سوغانلو بەو بەنداوە دەچنە ژێرئاو و خەڵکی گوندی بە نابەدڵی زێدەکانیان چۆڵ کردووە و بە ناچار دەرکراون.

ناسر کەرباسی، مامۆستای زانکۆی ژینگەیی لە زانکۆ تاران  باسى لەوە کردووە کە "گواستنەوەی ئاوی زاب بۆ گۆلی ورمێ چارەسەر نییە، تەنیا دەبێتە هۆی وشکبوونى چۆمی زاب و پاش چەند ساڵ دیسان  دەگەڕینەوە بۆ خاڵى سفر". حسێن ئاخانی، مامۆستای  گیاناسی زانکۆی تارانیش گوتوویەتى "ئەم بەنداوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەوە مردوو و دەبێتە کێشە و مشتومڕی نێوان خەڵکی  ناوچەکەش".