بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تووندوتیژی دژی ژن لە کوێوەوە سەرچاوە دەگرێ؟

تووندوتیژی دژی ژن لە کوێوەوە سەرچاوە دەگرێ؟
کاریگەرییەکانی توندوتیژی چین؟ ئایا بێدەنگ بوون لەئاست توندوتیژی ڕەوایە؟
posted onNovember 26, 2018
noبۆچوون

 

سروه توڕابی

 

ماوەیەک بوو باوکم لەبەر هۆکارێکی سیاسی لە زینداندا دەستبەسەر کرابوو و بە شێوەیەکی زۆر ترسناک ئەشکەنجە دەدرا! کاتێک گەڕایەوە ماڵێ، هەمووی پشتی برینی شەللاق و شوێنی داغیی ئوتوو بوو!


ئەشکەنجەدرانی باوکم لە بەندیخانە خووی
دڕەندەییی ئاژەڵانەی  لە ناخیدا زیندوو کردبۆوە، بە جۆرێک کە پاش ئازاد بوونی لە بەندیخانە بە هەر بیانوویەک کە بۆی دەڕەخسا بەردەبووە جەستەی لاواز و بێ‌هێزی دایکم، تەنانەت جارێک ئەوەندەی لێدابوو کە دایکم کاری کەوتە نەخۆشخانە و پزیشکەکان ئاگاداریان کردینەوە کە بەهۆی ئازاری زۆرەوە، جەڵتەیەکی مێشک لێیداوە!

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە دایکم لەگەڵ ئەو هەموو چەرمەسەرییەی کە بەهۆی ژیان لەگەڵ باوکمەوە تووشی ببوو، قەت لای ئەوی بەرنەدا و هەمیشە خۆشی دەویست، کە بۆ من ڕوون نەبوو ئەو بابەتە بەهۆی ترس بوو یا ئیجبار و یان خۆشەویستییەکی شێتانە؟
بەڵام ئەو بابەتە کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی هەمووی تاکەکانی بنەماڵەی ئێمە دانابوو!

بە جۆرێک کە من و خوشکەکەم هەر زۆر زوو لەتەمەنی ۱۷ و ١٥ ساڵیدا ژیانی هاوبەشیمان پێک هێنا، بەو بیانوویەی لە بارودۆخی ناخۆشی ماڵێ هەڵ بێین! کەچی تووشی هەمان بارودۆخ لە بنەماڵەیەکی دیکە هاتین ...
دوو براکەم خوو و ڕەوشتیان زۆر لە یەک جیاواز بوو، برا گەورەکەم ئەوەندە لەو دڕندە خوویییەی باوکم بێزار بوو کە ئەگەر بە دە نەفەر ڕێگەیان لێ گرتبایە و لەگەڵی بەشەڕ هاتبایەن، دەستی نەدەکردەوە و خۆی لە بابەتەکە دەدزییەوە و هەر بەو هۆیەش لە هەموو شوێنێک زووڵمی لێدەچوو، تەنانەت لەلایەن ژنەکەی خۆی!
هەر بەپێچەوانەوە برا چووکەکەم دروست وەک باوکم ڕق ئەستوور بوو و لە بیانوویەک دەگەڕا بۆ دەست وەشاندن و وەک شاگردێکی باش و بەوردی وانەی دڕندەیی و تووڕەیی لە باوکمەوە فێر ببوو ...
ئەوە چیرۆکی ڕاستەقینەی بنەماڵەیەک بوو کە ژیانیان ئاوێتەی توندوتیژی کرابوو.
توندوتیژی وەک پەتا وایە و لە کۆمەڵگەدا بڵاو دەبێتەوە، واتا بوونی توندوتیژی لە کۆمەڵگە و دەسەڵات دژ بە هاووڵاتی دەبێتە هۆی توندوتیژ بوونی تاکەکانی کۆمەڵگەش لەگەڵ یەکدی. توندوتیژی باوک و دایک دەبێتە هۆی توندوتیژ بارهاتنی منداڵان!
جیا لە کاریگەری کۆمەڵگە و بنەماڵە زۆرجار لەوانەیە ڕووداوێکی سروشتی یان خراپی باری ئابووری و باری دەروونی (وەک ترسێک یان خەمێکی نادیار لە ناخی مرۆڤدا) ببێتە هۆی تووڕەیی و دڕندە خوویی کە بە توندوتیژی دژی مرۆڤەکان خۆی وەدیار دەخات!
هەر بەو هۆیەش یەکێک لە باشترین ڕێکارەکان بۆ پێشگیری لە توندوتیژی نەتەنیا گرینگی‌دان بە قوربانی، بەڵکوو گرینگی‌دان بە تاوانبار و ڕوون کردنەوەی هۆکارەکانی ئەنجام دانی توندوتیژی لەلایەن ئەو و پاشان ئیسلاحی کەسی توندوتیژکەرە. توندوتیژیی باوک و تەنانەت دایکیش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر مناڵەکان دادەنێت و لە زۆربەی حاڵاتدا کوڕانی توندوتیژ یان بە پێچەوانە ترسنۆک و بێدەستوپێ وەبار دێنێت و دەبێتە هۆی بەخۆداشکانەوەی کچانی بنەماڵەکە و ترس و بێزاری ئەوان لە پیاو. یەکێکی تر لە سەرچاوەکانی توندوتیژی نەبوونی یاسا و ڕێسایەکی قورس و قایمە!

یاسا و ڕێسایەک کە بتوانێ بەتوندی توندوتیژکەر سزا بدات و باوەش بکاتەوە بۆ قوربانی بێ ئەوەی سەرنج بداتە ڕەگەزیان.

 

بۆچی ژنان لە زۆربەی حاڵاتدا بێدەنگی وەک چارەسەرێک لەبەرانبەر توندوتیژی هەڵدەبژێرن؟

زۆربەی ژنان بەتایبەت له وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بێکار و بێدەرامەدن و ژیانیان لەباری ئابووریییەوە بە هاوسەرەکانیانەوە بەستراوەتەوە و ڕاوەستان لەبەرانبەر هاوسەر دەبێتە هۆی برسییەتی و ئاوارە بوونیان!
کەواتە بێکاری و هەژاریی ژن پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ قەبووڵ کردنی ژیانێکی پڕ لە توندوتیژییە!
لە لایەکی دیکەشەوە زۆریەک لە بنەماڵەکان لەبەر عەیب و ترس لە مۆری تەڵاق کچەکانیان مەجبوور دەکەن کە درێژە بەو جۆرە ژیانە بدەن.
بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد کە ڕێز لە مافی مرۆڤەکان و بەتایبەت ژنان دەگیرێت، نەتەنیا ڕێژەی توندوتیژی کەمترە بەڵکوو جیابوونەوە لە کەسی توندوتیژکەر مافی ژنە نەک عەیبە.
ژمارەیەکی دیکە لەو ژنانە لەبەر ئەوەی جیابوونەوە یا ڕاوەستان لەبەرانبەر هاوسەر ژیانی منداڵەکانیان دەخاتە مەترسی، دم ناکەنەوە و هەمەجۆرە لەبەرانبەر توندوتیژیدا خۆ ڕادەگرن و ئاگاداری ئەوە نین کە لەوانەیە ئەو کارە کاریگەرییەکی خراپتر لەسەر منداڵەکانیان دابنێت.
بەڵام خراپترین هۆ کارەکان بۆ ئەوەی ژنان درێژە بەم جۆرە ژیانە بدەن ئەوەیە کە ژن پێی وابێت، توندوتیژی نیشانەی گرینگیی ئەو لەلای هاوسەرەکەیەتی!

یان پێی وابێت ئەوە ڕەفتارێکی ئاساییی پیاوانەیە و ئەسڵەن پیاو یانی مرۆڤێکی توندوتیژکەر!