Skip to main content

ڕەئیسی هەڕەشە لە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکات

ڕەئیسی هەڕەشە لە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکات
AvaToday caption
هیچ جۆرە نائەمنییەک لە سنوورەکانی کوردستان قەبووڵ ناکەین!
posted onAugust 15, 2019
nocomment

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەمە ۲۳ی گەلاوێژ سەردانی سنەی کرد و هەر لە فڕۆکەخانەی سنەوە دەستی بە هەڕەشەکردن کرد و گوتی "هیچ جۆرە نائەمنییەک لە سنوورەکانی کوردستان قەبووڵ ناکەین".

ڕەئیسی هاوشێوەی سەلامی فەرماندەی هێزەکانی سوپای تێرۆریستی پاسداران باسی لە دوژمنان کردووە و گوتوویەتی: دوژمنان بەچاوی تەماحەوە لە کوردستان دەڕوانن بەڵام ئێمە ئەو چاوانە کوێردەکەینەوە.

کۆماری ئیسلامی هەرکات لە قوناغێکی لاوازدا بێت بەبیانووی  پاراستنی سنوورەکانی کوردستان هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبەکوردییەکان و خەڵکی کوردستان ئەدەن.  ئەمەش بە ئامانجی هاوکاری زیاتر لە گەڵ گرووپە بریکارییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک حەشدی شەعبییە کە لەم دواییانەدا بەتوندی کەوتووتە بەر هێرشی پەهپادی ئیسرائیل لە نێو خاکی عێراقدا و سوپای قودسی کۆماری ئیسلامیش خەساری زۆری لێکەوتووە.

ئێستا بە گواستنەوەی چەک وتەقەمەنی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەردانی یەک لە دوای یەکی بەرپرسان بۆ کوردستان و هەڕەشە و گوڕەشە بۆ پاراستنی سنوورەکان لە کاتێکدایە کە وێرای وڵامدانەوەی ئیسرائیلیان نییە و دەیانهەوێ بە دامەزرانی شەڕ لە گەڵ حیزبە کوردییەکان و ئەمنی کردنەوەی کوردستان ئەو شەرعییەتەی کە لە نێو خەڵکی ئێران لە دەستیان داوە، بەدەستی بهێننەوە.

ڕەئیسی لە کاتێکدا لەسنەیە و باس لە ئەمنیەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا کە زۆرترین ڕێژەی لە سێدارەدان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە.

رەئیسى و سوپا

سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لەم سەفەرە یەکڕۆژەیەیدا لە سنە لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوانی پێشمەرگە موسڵمانەکان (جاش) و تاقمێکی هەڵبژێردراو لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە لە ژێر ناوی بلیمەت و چالاکانی سیاسی دیدار و چاوپێکەوتنی هەبووە.

شایانی باسە لەم ڕۆژە دواییانەدا و هاوکات لەگەڵ ئەم سەفەرە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە داوا لە زۆربەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی دژبەر و ڕەخنەگر کراوە کە خۆیان لەنووسینی بابەتی ڕخنەگرانە و وتووێژ لەگەڵ کەناڵە ماهوارەییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ سەفەری ڕەئیسی بۆ سنە بە دوور بگرن.

ئیبراهیم ڕەئیسی هەروەها باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەری و پێشگرتن بە قاچاخی کاڵا کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای پاسداران گەورەترین مافیای قاچاخی کەلوپەل و نەوت و مادە هۆشبەر و .. لە ئێراندایە و ڕۆژانە کۆڵبەران بە ئاشکرا دەکەونە بەر دەسڕێژی گوللەی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێرانەوە.

دوێنێش سەلامی فەرماندەی سوپای تێرۆریستی پاسداران سەردانی کوردستانی کردبوو و گوتبووی کە کوردستان دەروازی هاتنی دوژمنە بۆ دزەکردنە نێو ئێران و دوژمنان دەیانهەوێ دەستیان بە چارەنووسی ئەم گەلە ڕابگات و ئێران دابەش بکەن. بەڵام سنوورەکانی کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە.

لێدوانەکانی سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران و ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لەم دوو ڕۆژەدا هاوشێوەی یەکە و وێڕای هەڕەشە باس لە ئەمنی کردنەوەی زیاتری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و دەیانهەوێ بە کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی تەجزیە و دابەشکردنی ئێران پێش بە هەر جۆرە جووڵەی خەڵکی ئێران وحیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بگرن.