Skip to main content

لە کۆریاى باکوور دانیشتنەکەى ترامپ و کیم چۆن  بینرا؟!

لە کۆریاى باکور دانیشتنەکەى ترامپ و کیم چۆن  بینرا؟!
دیدارى هەردوو سەرۆکەکە لە ڕاگەیاندنەکانى کۆریاى باکوور
ڕاگەیاندنەکانى کۆریاى باکوور لە دەستپێکى دیدارەکەى دۆناڵد ترامپ و کیم جۆنگ ئون لە سەنگاپوور، بە شێوازێکى دیکە ئەم ڕووداوە مێژووییەیان بۆ خەڵکى گواستەوە.
posted onJune 12, 2018
nocomment


ڕۆژنامەى دەوڵەتى 'ڕودونگ سینمون'ـى سەر بە حزبی کرێکاران، لە نیوە لاپەڕەی یەکەمیدا وێنەیەکى گەورەى سەرۆککۆمارى وڵاتەکەى لە وڵاتى سەنگاپوور بڵاو کردەوە کە تیایدا کیم جونگ ئون لە تەنیشت مەلەوانگەیەکى پڕ لە ئاو خەریکى چوونە نێو هۆتێلێکى جوانە بۆ دیدارکردن لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەى.

ئەم ڕۆژنامەیە دووشەممە وێنەیەکى کیم جونگى لە کاتى ماڵئاواییکردن لەگەڵ بەرپرسە فەرمییەکانى وڵاتەکەى بڵاو کردەوە کە دەیهەوێت سوارى فڕۆکەى ئەیر چاینا بێت بۆ ئەوەى بچێنە سەنگاپوور.

لە وڵاتێک کە هەواڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بە ڕۆژێک دواکەوتن بڵاو دەکرێنەوە، بڵاوکردنەوەى وێنە و ڕاپۆرتى ئەم ڕووداوە و بەم خێراییە، بێوێنەیە. لە لایەکى ترەوە، ڕوونى وێنە و ڕەنگەکان و فەزاى شاد و هێوربەخشى نێو ژمارەى دووشەممەى ئەم ڕۆژنامەیە زۆر دیار و بەرچاون، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گشتى ڕۆژنامەکانى کۆریاى باکوور دیدارە فەرمییە دەوڵەتییەکانیان بە تەڵخى و لە فەزایەکى تاریک بڵاو دەکەنەوە.

هەواڵنێرى ڕۆیتەرز لەبەرامبەر ئەم وەسفانە باسى لەوە کردووە، گوایا فەرمانبەرانى دەوڵەتى کۆریاى باکوور دڵخۆشن بەم دیدارەى سەرۆکەکەیان و چوونە نێو کۆمەڵگەى مەدەنى. تەلەفزیۆنى کۆریاى باشووریش چەندین وێنەى لە کاتى گەیشتنى سەرۆکى کۆریاى باکوور بە هۆتێل و شوێنى دیدارەکەى لەگەڵ ترامپ بڵاو کردەوە.

ڕاگەیاندنەکانى کۆریاى باکوور لە چاو سەرجەم ڕاگەیاندنەکانى دیکەى دونیا، زیاتر لە هەمووان ڕووبەڕووى سانسۆڕ بەتایبەت لە هەواڵە گرنگەکان دەبنەوە. ئەم سنوورداریەتییە دەوڵەتیانەش لەمەڕ جلپۆشینى پەیامنێرە تەلەفزیۆنییەکانى کاتى دیدارى هەردوو سەرۆکى کۆریاى باکوور و ئەمەریکا بەرچاو دەکەوێت.

ڕۆژى سێشەممە لە کاتێکدا کە هەواڵنێرانى تەلەفزیۆنى و ڕاگەیاندنە گەورە و چکۆلەکانى وڵاتانى دیکەى سەرتاسەرى دونیا خەریکى گەیاندنى هەواڵەکانى دیدارى ئەم دوو سەرۆکە بوون، ڕیپۆرتەرەکانى کۆریاى باکوور ڕێگەى ئەمەیان پێ نەدرا و یەکەم هەواڵى نێردراو لەم دیدارە مێژووییە، بە ٥ سەعات دواکەوتن لە تەلەفزیۆنى دەوڵەتى لە پیونگ یانگ بڵاو بووەوە.

ڕاگەیەندنەکانى کۆریاى باکوور، ڕیپۆرتەر و وێنەگر و فۆتۆگرافەرێکى زۆریان ناردە شوێنى دیدارەکە، ئەوەى جێگەى سەرنج بوو تەنیا ئەم هەواڵنێرانە ڕێگەى ئەوەیان پێ دەدرا بچنە شوێنگەلێکەوە کە زۆرێک لە پەیامنێرەکانى دیکە ئەو ڕێگەیەپان پێ نەدەدرا.

هەندێک هەواڵنێرى لە سەنگاپوور هەوڵیان دەدا کە بەردەوام بە دواى پەیامنێرە کۆرییەکانەوە بن، چونکە دەگوترا هەندێکیان دەیانزانى کیم جونگ ئون لە کوێ دەردەکەوێت.

ئەم هەواڵنێرانە لە کاتى سەفەرەکەى کیم بۆ چین، تەنیا پاش گەڕانەوەى سەفەرەکەى ڕێگەى بڵاوکردنەوەى وتار و بابەت و وێنەکانیان هەبوو، بەڵا لەم سەفەرەدا ڕێگەى ئەوەیان پێ درابوو کە هەواڵ و ڕاپۆرتەکانى خۆیان لە هەمان کاتى ڕوودانیان بنێرنەوە بۆ پیونگ یانگ. لە کاتى دیدارى ئەم دواییەى سەرۆکى کۆریاى باکوور و هاوتاکەى لە کۆریاى باشووریش، هەواڵنێرەکانى کۆریاى باکوور ڕۆژێک پاش ڕووداوەکان دەیانتوانى هەواڵى دیدارەکان بڵاو بکەنەوە.

دیدارى سەرۆکەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و کۆریاى باکوور ئەمڕۆ سێ شەممە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە کیم جونگ ئون لە کاتى بەدەسەڵاتگەیشتنیەوە لە ساڵى ٢٠١١، جگە لە دوو کورتە سەفەر بۆ چین، نەچووەتە هیچ وڵاتێکى دیکە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە یەکەم دیدارى ئەم دوو سەرۆکەیە کە تا پێش ڕاگەیاندنى ئەتۆمى لە کۆریاى باکوور، هەردوو وڵات دوژمنى یەکتر بوون.

 

وەرگیراو لە ئێرۆنیوز