Skip to main content

بەنداوی تەلوار یەکێکی تر لە تاوانەکانی مافیاکانی ئاو لە پارێزگای سنە

 بەنداوی تەلوار یەکێکی تر لە تاوانەکانی مافیاکانی ئاو لە پارێزگای سنە
AvaToday caption
posted onAugust 31, 2022
nocomment

🌐  ئاڤاتودەی

مامۆستایەکی بەشی ئەندازیاری ئاو لە زانکۆی ڕازی، لەسەر بەنداوی تەلوار کە دەکەوێتە شاری بیجاڕى پارێزگای سنە، هۆشداری لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم بەنداوەى لە ڕووى کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری و ژینگەیی خستە ڕوو.

 

بەپێی راپۆرتی ئاڤاتۆدی، هوشەنگ قەمەرنیا سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی بەنداوی تەلوار گوتى: بە وەبەرچاوگرتنى شوێنگەی تەلوار و رووباری تەلوار لە پارێزگای سنە، كۆمپانیای ئاوی هەرێمی ئەم پارێزگایە وەلاوە نراوە و هیچ تێوەگلانێكی راستەوخۆ و سەرپەرشتیاری نەبووە لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، و وەزارەتی وزە بەم بڕیارە هەڵەیە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانى ئاو و گەشەپێدانی زەوییە بەراوەکانى شاری بیجار خراونەتە مەترسییەوە و لێکەوتەی نەرێنیی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری لە دواى خۆى جێ دەھێڵێت.

ئاماژە‌ی به‌وه‌ش كرد: هیچ كام له‌ پێكهاته‌كانی ئه‌م پرۆژە‌یه‌ به‌ باشی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ دەبێتە پرۆژە‌ی دابینكردنی ٦٣ ملیۆن مه‌تر سێجا واتە‌ دوو مه‌تر سێجا له‌ چركه‌یه‌ك ئاوی خواردنه‌وەی هه‌مه‌دان، كه‌بودەراهەنگ، به‌هار، لاله‌جین، ساڵحئاباد، قەهاوەند، فامەنین، جورقان، میریانج و گوندەکان سەر ڕێى هێڵی گواستنەوە ئاوەکە تا ساڵی ١٤١٥ى هەتاوی، بەڵام دابینکردنی ئاوی ٧٥٠٠ هێکتار لە زەوییەکانی خوڕخۆڕەى شاری بیجاڕ و ئاوی کشتوکاڵی ٢٤٥٠٠ هێکتار زەوی دەشتی گەرماب و بیزندی شارستانی قیداری پارێزگای زەنجان تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە و دروستکردنی ئەم بەنداوە هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیانی خەڵکی ئەم پارێزگایانە ناهێنێتە کایەوە.

ئەم مامۆستایە لە بەشی ئەندازیاری ئاوی زانکۆی ڕازی هەمەدان، لێکەوتە نەرێنییەکانی دروستکردنی بەنداوی تەلواری پارێزگای سنە بەم شێوەیە باس کردووە:

١. ژێرئاوکەوتنی ١٨ گرد و شوێنەوارى کۆن کە تەمەنیان بە ٧٥٠٠ ساڵ مەزەندە دەکرێت، وەک گردی قشڵاق و چۆڵکردن و ئاوارەکردنی خەڵکی ١٠ گوندی ئەم دەڤەرە.

٢. گردێکی تری کۆن بە ناوی چل میر کە مێژووەکەى بۆ ٧٥٠٠ ساڵ پێش دەگەڕێتەوە، مەترسیی کەوتنەژێرئاوی لەسەرە.

٣. تا ئێستا نزیكه‌ی ٣٠٠٠ جوتیارى دەڤەرەکە به‌هۆی تێكدانی ژێرخانی ناوچه‌كه‌ و كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ و وێرانكردنی زه‌وی و زارە‌كانیان، كاره‌كانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ناچار بوون شوێنه‌كانیان جێ بهێڵن و لەم هەرێمەوە کۆچ بکەن.

٤. لەگەڵ دروستکردنی ئەم بەنداوە کە ئەمبار و کۆگاکانى دەکەوێتە شاری بیجار، زیاتر لە ٣٠٠٠ هێکتار لە باشترین زەوییەکانی ئەو شارە ژێر ئاو کەوتووە.

٥. قەرەبوونەکردنەوە و بێ چارەنووسی خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان لە گوندە جیاوازەکان.

٦. نەدانی تێچووی خانووە رووخاوەکان بە خاوەنەکانیان بە بیانووی دروستکردنی بەنداو.

٧. تێكدانی رێگاوبانی گوندەكان بەهۆی جووڵەی بارهەڵگ و دەزگا قورسەکان لەكاتی دروستكردنی بەنداوی تەلوار لە سنورەكە و نۆژەننەكردنەوە و وازهێنانیان لە دوای تەواوبوونی دروستكردنی بەنداوەكەش.

٨. كۆچی زۆرەملێ و بێ چارەنووسى دانیشتوانی ئەو گوندانەی کە ماون.

٩. كۆچی دانیشتوانی گونده وێرانكراوەکان بۆ شارە جیاوازەكان و له هەمووشی خراپتر كۆچی خەڵك ژمارەیەك گوند بۆ گوندەكانی دەوروبەر و دروستبوونى کێشە له سەرچاوه سروشتییەكانی گوندەكان و دابینکردنی سەرچاوەی لەوەڕاندن بۆ ئاژەڵەکانیان.

١٠. نەبوونی ئیمکاناتی پێویستی کارەبا و ئاو و غاز و هتد لەو گوندانەى کە خەڵکە ئاوارەکە کۆچى بۆ کردوون

 

قەمەرنیا بە ئاماژەدان بەوەی کە دروستکردنی ئەم بەنداوە لە قۆناغی یەکەمدا زیانێکی زۆری لە پارێزگای سنە داوە، باسى لەوەش کرد: بەشێکی زۆری ئیمکاناتی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ هەمەدان بە خەرجکردنی هەزاران ملیار تمەن خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئێستادا لە تەواوبووندایە، لە کاتێکدا کوالیتی ئاوی ڕووبارەکە بە گونجاو نازانرێت بۆ خواردنەوە لە ڕووی زۆرى ئارسنیک تێیدا، بۆیە ئەگەر ڕێوشوێنی پێویست نەگیرێتەبەر بۆ لابردنی ئەم توخمە مەترسیدارە لە قۆناغە جیاوازەکانی چارەسەرکردنی ئاوی خواردنەوەدا، ئەوا تەندرووستى خەڵکەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.

هەروەها باسى لەوەش کرد کە: بەڕای من پێویستە ئەنجامدەرانی ئەم پڕۆژەیە چ خاوەنکار و چ ڕاوێژکار لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە زیانی بێشومار و زیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی لەنێویشیاندا لەناوبردنی ئاسەوارى چەند هەزار ساڵە دەدات لە خەڵکى ناوچەکە.

ئەم مامۆستای زانکۆیە ڕایگەیاند: بەداخەوە دەبێت ڕایبگەیەنم کە هەموو ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیە بە دابینکردنی ئاوی کشتوکاڵیش بۆ ئەو زەوییە ئامانجدارانەی کە باسکرابوون، بوونەتە قوربانی ئاوی خواردنەوەی شاری هەمەدان.

لە کۆتاییدا هۆشەنگ قەمەرنیا جەختی لەوە کردەوە: چەندین جار باسى ئەوەم کردووە کە مافیاکانی ئاو و حوکمڕانانی وڵات و خراپى بەڕێوەبەرە پلە باڵاکانی وەزارەتی وزە، زەرەرێکى گەورە و قەرەبوونەکراویان لە لایەنى کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووری و ژینگەییەکانى ناوچەکان و کوردستان داوە.